دو پەرلەمانتار: قسەكانی لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی مەترسیدارن
  2021-03-03       1641       

دو پەرلەمانتاری كوردستان پێیانوایە قسەكانی ئەمڕۆی لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی، "ئاماژەی مەترسیدارن" كە تێیدا حكومەتی تاوانبار كردبو بە فشاركردن بۆ ئازادكردنی سێ كەس كە بە تۆمەتی هێرشكردنە سەر پەرلەمانتار غالب محەمەد دەستگیركرابون.

ئاوێنە: لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە تویتێكدا رایگەیاند، حكومەتی هەرێم بە ئاشكراو بەهەڕەشەكردن داوای ئازادكردنی سێ ئەفسەری دەزگایەكی هەواڵگری هەرێم دەكات كە لەسەر كەیسی پەلاماردانی پەرلەمانتار غالب محەمەد دەستگیركراون.

دوابەدوای ئەوەش وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەراگەیەندراوێكدا وتی، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت پاڵپشتی خۆی بۆ دادگاكانی هەرێمی كوردستان دوپاتدەكاتەوە بەشێوەیەك كە  "هیچ کەیسێک" پشتگوێ نەخرێت، لەوانە کەیسی "ڕادەستکردنەوەی مستەفا سەلیمی و تیرۆرکردنی ئامانج بابانی و هاوژین و منداڵەکەی."

عەلی حەمەساڵح و ئەبوبەكر هەڵەدنی، دو پەرلەمانتاری كوردستان لە راگەیەندراوێكدا لەوبارەیەوە وتویانە"سێ ئەفسەر بە تۆمەتی ھێرشکردنە سەر پەرلەمانتار غالب محەمەد دەستگیرکران، لاھور شێخ جەنگی، ھاوسەرۆکی یەکێتی ھەمو حکومەت و بەتایبەت سەرۆکی حکومەت تۆمەتبار دەکات بەوەی فشاریان کردوە بۆ ئازادبونیان."

ئەوەشیان خستۆتەڕو"ئەم قسانە ئاماژەیەکی مەترسیدارە، واتە: سەرۆکی حکومەت بەرگری لە کەسانێک دەکات لە پشتی ھێرشکردنە سەر غالب محەمەدە. سەرۆکی حکومەت بۆ پێداگیرە لە ئازادکردنی ئەم سێ کەسە."

ئەوەشیان وتوە"لاھور شێخ جەنگی، پێماندەڵێ: لە ژێر فشاری سەرۆکی حکومەتدا ئەم سێ ئەفسەرە بەردراون!!! ئەی ڕۆڵی ئێوە چییە؟ بە لێکدانەوەی قسەکانی ھاوسەرۆکی یەکێتی و ئازادبوونی ئەو سێ کەسە.. واتە: پارتی چی بوێت لە سلێمانی دەیکات و ئەمانیش ھیچ دەسەڵاتیان نییە."

هەروەها ئاماژەیان بەوەشداوە كە "وتەبێژی حکومەتیش، بەناوی ھەمو لایەنە پێکھێنەرەکانی حکومەتەوە بەیانێکی دەرکردوە. کەیسی ھەردو کۆچکردو ئامانج بابانی و لانە خان و منداڵەکانی بە تیرۆر ناوبردوە! دەتانزانی تیرۆرە بۆچی تاوەکو ئێستا لێی بێدەنگ بون! چی بە کەسوکاریان و ھاوڵاتیانی کوردستان دەڵێن! لە کوێی دونیا ھەبوە حکومەت بەرامبەر تیرۆری ھاوڵاتیانی خۆی بێدەنگ بێت."

ئەو دو پەرلەمانتارە جەختیان كردۆتەوە "دەستگیرنەکردنی تاوانباری ھێرشکردنە سەر غالب محەمەدو پەیامی ھاوسەرۆک و وتەبێژی حکومەت ئاماژەی مەترسیداری تێدایە، ژیانی کەس لەکوردستان پارێزراو نیەو حوکمڕانی لە قۆناغێکی مەترسیداردایە، تائێستاش ئەم دو ھێزە بێدەنگ بون لە تاوانی یەکتر. ئەم بێمتمانەی دروستکردنە لە ھەموو شت مەترسیدارترە."

هێمایان بۆ ئەوەش كردوە كە "دەبێت دەزگای ئەمنی لە سلێمانی ڕونکردنەوە بدات لەسەر بکەری راستەقینەی پشت ھێرشکردنە سەر غالب محەمەدو ئازادبوونی ئەو سێ کەسە."

هەروەها هیوایشیان خواستوە "ھێزو لایەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی ھەڵوێستی جدیان ھەبێت."

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×