پاپا فرانسیس؛ بیرم لای ئێزیدییەکانە کە زۆر زۆر تاڵییان چەشت
  2021-03-04       291       
پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان، بەر لە سەردانی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، لە پەیامێکدا دەڵێت؛ رێگە مەدەن ئەو نەھامەتییە زۆر ئازاربەخشانەی کە بینیوتانن و ئازاری منیش دەدەن، بەسەرتان زاڵ بن، خۆتان بەدەستەوە مەدەن: چونکە لانکەی دانایی رەسەنایەتی لە خاکی ئێوەدایە.

ئاوێنە: بڕیارە ڕۆژی 5ی ئەم مانگە، پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیكان سەردانەكەی بۆ عێراق دەستپێبكات، ئەو ڕۆژە لە بەغدا دەبێت و چەند كۆبوونەوەیەكی دەبێت، دواتر ڕۆژی 6ی ئادار سەردانی نەجەف دەكات و لەگەڵ عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی باڵای شیعەكان كۆدەبێتەوە و پاشان دەچێتە شاری ئوور.

رۆژی 7ی ئاداریش پاپا سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە پێشوازیی لێدەكرێت، دواتر سەردانی چەند ناوچەیەكی پارێزگای نەینەوا دەكات، لەوانە قەرەقووش، هەمان رۆژیش دەگەڕێتەوە هەولێر و لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری بەشداری لە رێوڕەسمێكدا دەكات.

دەقی پەیامەکە

خوشکان و برایانی ئازیزم لە عێراق، ئاشتی بەسەرتان ببارێت!

لە کۆتاییدا دوای چەند رۆژێکی دیکە لەگەڵتان دەبم! بەپەرۆشم بۆ دیدارتان و بینینی روخسارتان و سەردانکردنی خاکەکەتان، لانکەی شارستانییەتی رەسەن و ناوازە.

من بە تۆبەکارییەوە پێتان دەگەم بۆئەوەی نزای لێخۆشبوون و ئاشتبوونەوە لە یەزدان بکەم، دوای چەندین ساڵ لە جەنگ و تیرۆر. ھەروەھا لە دڵەوە لە یەزدان دەپاڕێمەوە میھرەبانی خۆی بەسەر قوربانییەکان ببارێنێت و بۆ بریندارەکانیشتان هیوای چاکبوونەوە دەخوازم.

بەوپەڕی پەرۆشییەوە ئاشتی دەخوازم و دووپاتی دەکەمەوە “ئێوە ھەمووتان بران”.

بەڵێ بەپەرۆشی ئاشتییەوە دێمە دیدارتان و ھەوڵ بۆ برایەتی و تەبایی دەدەم و دەخوازم پێکەوە نوێژ بکەین، پێکەوە ھەنگاو بنێین و لەگەڵ خوشک و براکانمان نەریتە ئاینییەکانی دیکە لەژێر بەیداخی باوکمان ئیبراھیم بەجێ بگەیێنین، کە ھەمووان لە چوارچێوەی خێزانێکدا بە موسڵمان و جوو و کریستیان کۆدەکاتەوە.

خوشک و برا کریستیانە ئازیزەکان، ئەوانەی لەنێو جەرگەی نەھامەتییە ھەرە سەختەکاندا دەستبەرداری باوەڕتان نەبوون، بەوپەڕی پەرۆشییەوە جۆش و خرۆش دایگرتووم بۆ دیدارتان.

خۆشحاڵم بە سەردانی کەنیسەیەک تایبەتمەندی شەھیدبوونی ھەیە! بەھیوای ئەوەی ئەو شەھیدانەی ناسیوتانن یارمەتیدەرمان بن بۆئەوەی سووربین لە ھێزی خۆشەویستی.

لە چاوەکانتاندا وێنەی خانووە خاپوورکراوەکان و کەنیسە وێرانکراوەکان ماوەتەوە، لە دڵەکانیشتاندا برینی جیابوونەوە لە خۆشەویستان و کۆچکردن لە ماڵەکانتان ماوەتەوە.

دەمەوێ باوەشی پڕ نەرمی کەنیسەکانتان بۆ بھێنم، ئەو کەنیسەیەی کە لە ئێوە و لە رۆژھەڵاتی نێوەڕاستی ئازاردرا نزیکە و ھاندەرتان بم بۆ بەرەو پێشڤەچوون.

رێگە مەدەن ئەو نەھامەتییە زۆر ئازاربەخشانەی کە بینیوتانن و ئازاری منیش دەدەن، بەسەرتان زاڵ بن، خۆتان بەدەستەوە مەدەن: چونکە لانکەی دانایی رەسەنایەتی لە خاکی ئێوەدایە و رێنماییمان دەکات بۆ ئەوەی رێگایەکی دیکە بگرینە بەر، وەک ئیبراھیم بکەین، کە ھەموو شتێکی لەدوای خۆی جێھێشت، کەچی ھەرگیز تکا و پاڕانەوەی لەدەست نەدا؛ متمانەی تەواوی بەخودا کرد هەبوو و بەمەش بووە باوکی ھەموو وەچەیەک کە ژمارەیان یەکسانە بە ژمارەی ئەستێرەکانی ئاسمان.

خوشک و برایانی ئازیز، با سەیری ئەستێرەکان بکەین، ببینین خودا چ بەڵێنێکی پێداوین.

خوشک و برایانی ئازیز، لە چەندین ساڵی رابردوودا زۆر بیرم کردوون، بیری ئێوەم کرد کە نەھامەتی زۆرتان چەشت، بەڵام ھەستتان بە سەرلێشێوان نەکرد، بیرم لە ئێوە کردەوە، بە کریستیان و موسڵمان، ھەروەھا گەلی ئێزدی، بیرم لای ئێوەشە.

بەڵێ بیرم لای ئێزیدییەکانە کە زۆر زۆر تاڵییان چەشت، ھەموومان براین، ئێستاش بەرەو خاکە پیرۆز و بریندارەکەتان ھەنگاو دەنێم، بەپەرۆشی تکا و ئومێدەوە.

لە نەینەوا، پەیامبەری یونان دەنگ دەداتەوە کە تەواوی شارەکە وێران و کاولکرا و نیازێکی نوێی لە ئامێز گرت؛ نیازی تکا و پاڕانەوە بۆ خودا.

با ئەو نیاز و پاڕانەوەیە ئازایەتی و بوێرییمان پێبدات بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوە و سەرلەنوێ دەستپێکردنەوە.

لە کاتی بڵاوبوونەوەی ئەو پەتا سەختەش، با یارمەتی یەکدی بدەین و گیانی برایەتی و تەبایی بەھێزتر بکەین و داھاتوویەکی گەش و ئاشتیخوازانە پێکبھێنین. پێکەوە خوشکان و برایان لە تەواوی نەریتە جیاوازەکانی ئایین، لەنێو ئێوەدا، ھەزاران ساڵ پێش ئێستا، ئیبراھیم دەستی بەرێبازەکەی کرد.

ئێمەش ئەمڕۆ پێویستە بەھەمان گیان، پێکەوە رێگای ئاشتی بگرینەبەر! لێرەوە سڵاو و میھرەبانی خودای مەزن بۆ ھەمووتان دەنێرم.

داوا لەھەمووتان دەکەم دەست بە رێبازی ئیبراھیمەوە بگرن: واتە بە تکا و پەرۆشییەوە ھەنگاو بنێن و بەردەوامبن لە سەیرکردنی ئەستێرەکان.

داوا لە ھەمووتان دەکەم، تکاتان لێدەکەم، یاوەرم بن لە پێکەوە نوێژکردنتان. سوپاس

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×