ئاسایشی هەرێم وتەی پێنج رۆژنامەنوس و چالاكوانی سزادراوی بادینان بڵاودەكاتەوە
  2021-03-04       912       

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان وتەی سزادراوانی بادینانی بڵاوکردەوە كە بە "دانپێدانان" ناوی دەبات و ئاماژە بەوە دەکات، "لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەکاندا بەپێی بەڵگە و دانپێدانانیان ئەوە سەلمێندرا کە پەیوەندیی راستەخۆیان بە پەکەکەو چەندین لایەنی دیکە هەبوە."

ئاوێنە: رۆژی 2021/02/16 دادگای هەولێر پێنج راگیراوی پارێزگای دهۆکی بە تۆمەتی "تێکدان"ی ئاسایشی نیشتمانیی کوردستان بە شەش ساڵ زیندانی سزا دا. 
ئەو راگیراوانەش بریتیبون لە: شێروان شێروانی، شڤان سەعید بەڕۆژکی، ئەیاس کەرەم ، هاریوان عیسا و گوهدار محەممەدئەمین.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"زانیارییان لەسەر بارەگاکانی ئاسایش و پێشمەرگە و دادوەرانی کوردستان کۆکردوەتەوە". ئەنجومەنی ئاسایش دەشڵێت، "مەشق و راهێنانیان لەسەر چەکی سوک و چەکی بێدەنگ کردوە". 
 
لە راگەیێندراوی ئەنجومەنی ئاسایشدا هاتوە، ئەو پێنج رۆژنامەنوس و چالاکوانە "هیچ گوشارێکی جەستەیی و دەرونییان بەرامبەر ئەنجام نەدراوە". گروپەکەش لە رێگەی میسنجەرەوە "دانیان بەوەدا ناوە کاریان بۆ چەند لایەن و گروپێکی دیکەش کردوە." 

لە ڤیدیۆکەدا وێنەی چەند دەستنوسێک پێشاندراوە، ئەنجومەنی ئاسایش وتویەتی، بەپێی ئەو دەستنوسانە "کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی بەڵگەی تاوان پشتڕاستکراونەتەوە، شێروان ئەمین، یەکێک لە سزادراوان، زانیاری لەسەر ناو و جوڵەی بەرپرسانی ئەمنی و سەربازیی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کۆکردوەتەوە و بۆ پەکەکەی رەوانە کردوە". 

شێروان ئەمین لە وتەكانیدا كە ئاسایش بە دانپێدانان ناوی بردون، رایگەیاندوە ، رێکخراوێک بڕی پێنج هەزار دۆلار هاوکارییان کردوە، "هەروەها پێیان وتم، دەتوانین هاوکاریت بکەین بچیتە دەرەوەی وڵات."

ئەنجومەنی ئاسایش وتوشیەتی، دوای دەستگیرکردنی شێروان، لە پەیوەندییەکی دەنگیی نێوان سەلمان و گۆهدار، کە دو سزادراوی دیکەن، "سەرکۆنەی شێروان ئەمین دەکرێت بەوەی خەمسارد بوە و ترسی ئەوەشیان هەبوە نهێنی و کارە تێکدەرەکانیان کەوتبێتە دەست ئاسایشی هەرێمی کوردستان."

ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی قسەی ئەو پەرلەمانتارانەی ئامادەی دادگاییكردنی ئەو پێنج سزادراوە بون، دەستگیركراوەكان ئەو تۆمەتانەیان رەتكردونەتەوە كە دراونەتە پاڵیان.

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×