پاپای ڤاتیكان بەرەو عێراق بەڕێكەوت
  2021-03-05       602       

ئەو فڕۆكەیەی پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیكانی هەڵگرتوە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی ئیتالیای بەرەو عێراق بەجێهێشت. پاپا فرانسیس، ئەمڕۆ بۆ یەكەمجار بە سەردانێكی چەند رۆژە دەگاتە عێراق و وێڕای بەغدای پایتەخت، نەجەف، شاری دێرینی ئور، هەولێر و موسڵ بەسەردەكاتەوە.

ئاوێنە: دوێنێ پاسا فرانسیس لەبارەی سەردانەكەیەوە بۆ عێراقو لە تویتێكدا وتبوی"بە گەشتێکی سێ رۆژە حەجێک بۆ عێراق دەکەم. ماوەیەکی زۆربو دەمویست چاوم بەو گەلە بکەوێت کە نەهامەتی زۆریان بینیوە. داواتان لێدەکەم، لەم گەشتە ئیمانییەدا بە نوێژکردن هاوڕێیەتیم بکەن، تا بە باشترین و بەرهەمدارترین شێواز بەڕێوەبچێت."

هەروەها مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تویتێكدا وتبوی "عێراق بە گەل و حكومەتەوە، بە گەرمیی پیشوازیی لە پاپا فرانسیس دەكات. خاكی میزۆپۆتامیا لە دێرزەمانەوە تا ئێستاو بۆ هەمیشە، وێستگەیەكی مێژویی دیداری ئایین و هزرو بەها مرۆییە هاوبەشەكانە. قەداسەتیان بەخێربێن بۆ نیشتمانی سۆمەرو بابل و ئاشور، لانكەی پێغەمبەران و پیاوچاكان."

وابڕیارە ئەمڕۆ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و لە رێورەسمێکدا، پێشوازی لە پاپا فرانسیس بکرێت و ئەویش مەبەستیەتی زو بەرەو شاری نەجەف بەڕێبکەوێت و لەوێ رێککەوتنی "برایەتیی مرۆیی" لەگەڵ عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق واژۆبکات.

یەکێک لەو شارانەی پاپا فرانسیس بەنیازە سەردانی بکات، شاری هەولێرە و چاوەڕواندەکرێت رۆژی ٧ی ئەم مانگە لە یاریگای فرەنسۆ هەریری مەراسیمێکی نوێژخوێندن بۆ دەیان هەزار هاوڵاتی مەسیحی رێکبخرێت.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×