پاپای ڤاتیكان گەیشتە بەغدا
  2021-03-05       556       

كەمێك لەمەوبەر فڕۆكەكەی پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیكان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا نیشتەوەو ئەوەش لەمیانی سەردانە مێژوییەكەیدا بۆ عێراق دێت كە بەیەكەم سەردانی پاپای ڤاتیكان بۆ ئەو وڵاتە دادەنرێت.

ئاوێنە: لە فڕۆكەخانەی بەغدا لە رێوڕەسمێكی فراواندا لەلایەن مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق پێشوازی لە پاپای ڤاتیكان كرا.

هەر لە هۆڵێكی تایبەتی فڕۆكەخانە پاپا فرانسیس لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستی بە كۆبونەوە كرد.

ئامانج لە سەردانەكەی پاپای ڤاتیكان كە چوار رۆژ دەخایەنێت، بۆ دڵنیاكردنەوەی پێكهاتەی كریستیانەكانە لە عێراق لەگەڵ پتەوكردنی پەیوەندیی نێوان ئایینەكان.

وێڕای نیگەرانییە ئەمنییەكان و هەڵكشانی تۆماریی رۆژانەی كۆرۆنا لە عێراق، پاپا سوربو لەسەر ئەنجامدانی سەردانەكەی بۆ ئەو وڵاتە.

پاپا یوحەنا پۆڵسی دوەم، پاپای پێشوی ڤاتیكان، لەكۆتاییەكانی ساڵی 1999و لەدوای شكستهێنانی گفتوگۆكان لەگەڵ رژێمی پێشوی عێراق، سەردانێكی خۆی بۆ عێراق هەڵوەشاندەوە.

لەو كاتەوە ژمارەی مەسیحییەكان لە عێراق لە 1.4 ملیۆنەوە بۆ نزیكەی 250 هەزار كەس كەمبۆتەوە و بەشێكی زۆریان لەدوای پڕۆسەی ئازادی ساڵی 2003 بەهۆی زیادبونی توندوتیژییەكانەوە بۆ دەرەوەی وڵات هەڵاتن.

هەروەها بە هەزاران كریستیان لە ساڵی 2014 كاتێك داعش هات و بەشێكی ناوچەكانی عێراقی كۆنترۆڵكرد، رێی ئاوارەییان گرتەبەر.

بڕیارە پاپای ڤاتیكان لەمیانی سەردانەكەیدا لەگەڵ بەرپرسانی سیاسی و پیاوانی ئایینی، دیداری هەبێت و لە دیدارەكانیدا جەخت لە ئاشتی بكاتەوە.

بەپێی خشتەی سەردانەكەی، پاپا فرانسیس سەردانی كۆشكی كۆماری دەكات و دیداری لەگەڵ سەرۆك كۆمار دەبێت و هەر لە كۆشكی كۆماری لەگەڵ رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی كۆدەبێتەوەو دواتر سەردانی كەنیسەی "سەیدە نەجات" دەكات لە بەغدا.

بۆ سبەی شەممە، پاپا سەردانی شاری نەجەف دەكات و چاوی بە ئایەتوڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای ئایینیی شیعەكانی عێراق دەكەوێت.

دواتر ئامادەی كۆبونەوەیەكی هاوبەشی نێوان شوێنكەوتوانی كریستیانو ئیسلام و جولەكە دەبێت لە شاری مێژویی ئور، كە بڕوا وایە ئەو شارەو شوێنی لەدایكبونی ئیبراهیمی پێغەمبەر بوبێت.

دواتر پاپا بەرەو هەولێر بەڕێدەكەوێت و لەوێوە دەچێت موسڵ و هەروەها سەردانی شارۆچكەی قەرەقوشیش دەكات.

دواتر دەگەڕێتەوە هەولێر و یاریگای فرانسۆ هەریری بە ئامادەبونی هەزاران كەس، بەشداری قەداسێك دەكات.

لە عێراق نزیكەی 10 هەزار كەس لە هێزە ئەمنییەكان بڵاوەیان پێكراوە بۆ دابینكردنی ئاسایشی سەردانەكەی پاپا فرانسیس.

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×