​گەنجێکی کورد کورسی و مێزێك بۆ پاپا فرانسیس دروست دەکات
  2021-03-05       254       

مەترانی کەنیسەی عەنکاوە داوای دروستکردنی مێز و کورسییەکی لە گەنجێکی کوردی مسوڵمانی هەولێر کردوە بۆ کڵێسای تاهیرەی قەرەقوش لە حەمدانییە و دواتر دەكەوت بۆ ئەوەیە كە پاپای ڤاتیكان لەمیانی سەرداكەیدا بۆ ئەو كڵێسایە بەكاری بهێنێت. گەنجە كوردەكە بێبەرامبەر ئەو کارەی ئەنجامداوە.

ئاوێنە: محەمەد سەعدی سەعید، گەنجێکی تەمەن 37 ساڵە و دانیشوی هەولێرە و هەر لە منداڵییەوە خەریکی دارتاشییە. ئەو بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، مەترانێکی هاوڕێی کە دانیشتوی "کرێملس"ە لە قەزای حەمدانییە، داوای لێکردوە کورسی و مێزێک بۆ کەنیسەی تاهیرەی قەرەقوش دروست بکات.

ئەوەشی خستەڕو، مەترانەکە پێی راگەیاندوە ئەو کورسی و مێزە بۆ پاپا فرانسیسە چونکە لە سەردانەکەیدا بۆ عێراق سەردانی کەنیسەی تاهیرەی قەرەقوش لە حەمدانییەی نزیك موسڵ دەكات و وابڕیارە لەسەر ئەو کورسییە دابنیشێت.

راشیگەیاند، ماوەی هەفتەیەک کاری لەسەرکردوەو کەرەستەی کوالیتی بەرزی تێدا بەکارهێناوەو تێچوەکەی ٨٠٠ دۆلاری ئەمریکی بوە، بەڵام محەمەد، کورسی و مێزەکەی بێبەرامبەر بە کەنیسەکە بەخشیوە.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، پاپا فرانسیس بە سەردانێكی چوار رۆژە گەیشتە بەغدا پایتەختی عێراق و لەلایەن مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە لە رێوڕەسمێكی بەرفراواندا پێشوازی لێكرا.

پاپای ڤاتیكان دوای كۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق لە فڕۆكەخانە، بەرەو كۆشكی كۆماریی لە بەغدا بەڕێكەوت و لەوێ چاوی بە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق دەكەوێت.

لەسەردانە چوار رۆژییەكەیدا بۆ عێراق، جگە لە بەغدا، نەجەف و شاری مێژویی ئور و موسڵ و هەولێر، وێستگەكانی دیكەی گەشتەكەی پاپا فرانسیس دەبن.

 

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×