2021-03-05   411     
رابەری کاسۆلیکەکانی جیهان، پاپا فرەنسیس کە بەسەردانێکی فەرمی لەعێراقە، دوای دیدارو کۆبونەوەی لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەرەو کۆشکی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بەڕێکەوت.
ئاوێنه: پاپا فرەنسیس بەگەیشتنی بەکۆشکی سەرۆکایەتی لەلایەن بەرهەم ساڵح سەرکۆماری عێراق پێشوازیی لێکرا.
دواتر رێوڕەسمی پێشوازی فەرمی لەرابەری کاسۆلیکەکانی جیهان، پاپا فرەنسیس بەئامادەبونی سەرکۆماری عێراق، لەکۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار بەڕێوەچو.
دوای لێدانی مارشی نیشتمانیی هەردو وڵات، لەکاتی وەستانی پاپاو بەرهەم ساڵح ژمارەیەک کۆتری سپی وەک هێمای ئاشتیی لەنێو قەفەسێکدا ئازادکران.
دواتر لەلایەن دوو منداڵەوە چەپکە گوڵی پێشوازیی پێشکەش بەپاپا فرەنسیس کرا، پاشان شاندی هەردوولا بەیەکتر ناسێندران.
دوای بەڕێوەچوونی پرۆتۆکۆلی پێشوازییو گرتنی وێنەی یادگاریی، سەرباخ ساڵح خانمی یەکەمی عێراق بەجلی کوردییەوە پێشوازیی لەپاپا فرەنسیس کرد.
دواتر پاپا فرەنسیسو بەرهەم ساڵح و خانمی یەکەمی عێراق چونە کۆشکی سەرۆکایەتی.
پاشان کۆبوونەوەی نێوان سەرکۆماری عێراق و رابەری کاسۆلیکەکانی جیهان دەستیپێکرد.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، پاپا فرەنسیس رابەری کاسۆلیکەکانی جیهان بەسەردانێکی فەرمی کە بڕیارە سێ رۆژ بخایەنێت، گەیشتە عێراق.