قەیس خەزعەلی: تورکیا پلانی هەیە هێرش بکاتە سەر شەنگال‌و داگیری بکات
  2021-03-05       928       
قەیس خەزعەلی
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی کەتائیبی ئەهلی حەق رایگه‌یاند، تورکیا پلانی هەیە هاوینی داهاتو هێرش بکاتە سەر شەنگال‌و داگیری بکات، داواش له‌حکومەتی عێراق دەکات کە لەو بارەیەوە ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر.

ئاوێنه‌: لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (الاتجاە) قەیس خەز عەلی دەڵێت، "بونی تورکیا له‌عێراق لەداهاتودا ئاڵۆزتر دەبێت لەبونی ئەمریکا، چونکە ئه‌نكه‌ره‌ بەدوای داگیرکردنی شەنگال‌و تەلەعفەرو دەشتی نەینەواو زۆربەی کەرکوکەوەیە، هەروەها ئەردۆغان کار بۆ ئەوە دەکات لەهەموو ئەو ناوچەیەی پێشتر عوسمانییەکان داگیریان کردبو، بوونی خۆی بسەپێنێت تیایاندا".

ئاشكراشیكرد كه‌ "بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، توركیا پلانی هه‌یه‌ کە هاوینی داهاتو شەنگال داگیر بکات".

دوپاتیشیدەکاتەوە خۆی بەشەخسی چەک لەدژی تورکیا هەڵدەگرێت‌و دژی داگیرکارییەکەی دەوەستێتەوە، له‌و ڕوه‌وه‌ وتی‌، "ئێمە توانای ڕوبەڕوبونەوەمان هەیە کە وامان لێدەکات یەکێک لەپێشکەوتوترینەکانی جیهان بین".

قەیس خەزعەلی وتی‌، ئەمریکا جدی نییە لەبڕیارەی کشانەوەی سەربازەکانی لە عێراق و دووپاتیشیدەکاتەوە تا هێزی داگیرکەر بوونی هەبێت، بەرگریش دەبێتە مافێکی ڕەوا.

به‌بۆچونی‌ ناوبراو، بەئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا کارێکی شەرعییە کە جێی گفتوگۆ نییەو لێکۆڵینەوە لەبۆردومانی فڕۆکەخانەی هەولێریش بەردەوامە، هەروەها گروپە بەرهەڵستکارەکان لەپشت بۆردومانکردنی هەولێرەوەن نەک حەشدی شەعبی و لێکۆڵینەوەکانیش ئەوەیان نەسەلماند کە ئەهلی حەق فڕۆکەخانەی هەولێری کردبێتە ئامانج.

باسی لەوەشکردووە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا شایەنی لێدان و ئامانجگرتنە، بەڵام ئێستا بڕوایان نییە زیانیان پێ بگەیەنن و بچنە ناو شەڕێک و وەڵامی ئەوانی دیکە بدەنەوە بە شێوەیەکی ناپەسەندانە، لەکاتێکدا ئاستی وەڵامدانەوەکان دەتوانن کاریگەری لەسەر باڵیۆزخانەکان دروست بکەن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×