سیستانی لە دیداریدا لەگەڵ پاپا فرانسیس جەخت لە پێكەوەژیانی ئاشتیانە دەكاتەوە
  2021-03-06       487       

ئایەتوڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای ئایینی شیعەكانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، لە دیداریدا لەگەڵ پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیكاندا لە نەجەف باسی لەو كێشەو كارەسانە كردوە كە بەشێكی زۆری وڵاتان بەدەستییەوە دەناڵێنن بەتایبەت گەلانی ئەم ناوچەیەو ئاماژەی بە رۆڵی سەركردە ئایینییەكان كردوە لە سنوردانان بۆ ئەو كارەساتانەو جەختیشی كردۆتەوە كە گرنگە بەلایەوە هاوڵاتیانی مەسیحی لەعێراق وەك تەواوی هاوڵاتیانی دیكە لە ئاسایش و ئاشتیداو بەوپەڕی مافە دەستورییەكانیانەوە بژین.

ئاوێنە: دوای كۆتاییهاتنی دیداری ئەمڕۆی نێوان سیستانی و پاپا فرانسیس لە نەجەف، نوسینگەی مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە.

بەپێی بەیاننامەكەدا لە دیدارەكە سیستانی ئاماژەی بەو ئێش و ئازارە لە ستەم و بێدادی و هەژاری و جیاكاری ئایینی و فیكری و سەركەوتی ئازادییە بنەڕەتییەكان و نەبونی دادپەروەری كۆمەڵایەتی لە بەشێك لە وڵاتان كردوە بەتایبەت ئەوەی كە بەشێكی زۆری میللەتانی ئەم ناوچەیە پێوەی گیرۆدەن لە جەنگ و توندوتیژی و گەمارۆی ئابوری و پڕۆسەكانی راگواستن بەتایبەت ئەوەی روبەڕوی گەلی فەلەستین بۆتەوە.

هەروەك سیستانی ئاماژەی بەو رۆڵە داوە كە پێویستە سەركردە ئایینییەكان بیگێڕن لەپێناو دانانی سنورێك بۆ ئەم كارەساتانەو لەگەڵ ئاماژەدان بە ئومێدی ئەوەی كە زلهێزەكان لایەنی عەقڵ و دانانی بەسەر زمانی شەڕدا زاڵ بكەن و بەرژەوەندییەكانی خۆیان لەسەر حسابی مافی گەلان كە ژیانە بە ئازادی و كەرامەتەوە، فراوان نەكەن.

هەروەها سیستانی جەختی لەگرنگی خستنەگەڕی هەوڵەكان بۆ جێگیركردنی بەهاكانی پێكەوەژیانی ئاشتیانەو هاوپشتی مرۆیی لە تەواوی كۆمەڵگەكان دوپاتكردۆتەوەو جەختی لە پاراستنی مافەكان و رێزگرتنی شوێنكەوتوانی ئایینە جیاوازەكان لە یەكدی كردۆتەوە.

سیستانی رایگەیاندوە كە ئومێدەوارە عێراق كێشەكانی ئێستا لە كاتێكی نزیكدا تێپەڕێنێت و جەختیشی لە پەرۆشی خۆی كردۆتەوە بۆ ئەوەی كە هاوڵاتیانی مەسیحی وەك تەواوی هاوڵاتیانی دیكەی عێراق لە ئاسایش و ئاشتیدا بژ ین بەتەواوی مافە دەستورییەكانیانەوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×