جەمال كۆچەر: ئەو داواكارییانەی بۆ دەستكاریكردنی هەندێك بڕگەی بودجە هەن، بانگەشەی هەڵبژاردنن
  2021-03-06       484       

جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، رایگەیاند، ئەو داواكارییانەی هەن بۆ دەستكاریكردنی هەندێك لە بڕگەكانی بودجە، دەچنە چوارچێوەی خانەی بانگەشەی پێشوەختی هەڵبژاردنەوە، چونكە گفتوگۆی پڕۆژە یاسای بودجە كۆتایی هاتوەو نێردراوە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان.

ئاوێنە: جەمال كۆچەر، لە لێدوانێكدا بە ئاژانسی "نینا"ی عێراقی راگەیاندوە، لە رۆژی 14ی مانگی رابردوەوە لیژنەكەیان هیچ كۆبونەوەیەكی لەبارەی بودجەوە ئەنجام نەداوەو دوای كۆتاییهاتنی هەمواركردنەكان، پڕۆژە یاساكە نێردراوە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان.

جەختیشی كردۆتەوە كە پشكی هەرێم لە بودجەدا تاكە كۆسپی بودجەكەیە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، ئێستا وەك ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنە بۆیە ناوبەناو داواكاریی بۆ دەستكاریكردنی هەندێك بڕگەی موچە دەخرێنەڕو، بەڵام ئەو داواكارییانە لە بانگەشەی هەڵبژاردن زیاتر نین، چونكە گفتوگۆكردنی بودجە كۆتاییهاتوەو ئێستا تۆپەكە لە یاریگای سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەركردە سیاسییەكاندا بۆ رێككەوتن لەسەری.

جەمال كۆچەر هیچ وادەیەكی بۆ تێپەڕاندنی بودجەكە لەلایەن پەرلەمانەوە دەستنیشان نەكرد كە بەبڕوای ئەو، كێشەكانی بودجە كە ماون سیاسین نەك تەكنیكی، ئەوەش "پێویستی بە رێككەوتنی لایەنە سیاسییەكانە تا لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندبكرێت."

یەكێك لەو داواكارییانەی ناوبەناو لەلایەن بەشێك لە پەرلەمانتارانی كوتلە جیاوازەكانەوە باسدەكرێت، دەستكاریكردنی و دابەزاندنی بەهای دۆلارە لە بودجەدا. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×