پاپا: نابێت بەناوی خوداوە هیچ کەسێک بکوژێت و جەنگ رووبدات
  2021-03-07       745       
بەیانى ئەمرۆ پای پای ڤاتیکان گەیشتە شارى موسڵ و لەئێستادا لەو شارەدا مەراسیمى تایبەتى بۆ رێکخراوەو لەگەڵ کریستیانەکانى ئەو شارە لە کۆبوونەوەدایە.

ئاوێنە: ئەو مەراسیمەى بۆ پاپا رێکخراوە لە کەنیسەیەکى روخاودایە کە لەلایەن چەکدارانى داعش ساڵى ٢٠١٤ وێرانکراوەو پاپا لەو شوێنە رووخاوەدا لەگەڵ کرسیتیانەکاندا کۆبووتەوە.

پاپا لە وتارێکدا رایگەیاند، پشتیوانى لەو پێکەوە ژیانە دەکەن کە لە سەرجەم عێراق و موسڵ هەیەو خۆشحاڵن بەوەى کە دەبینن پێکهاتەکان بە ئاشتى بەیەکەوە ژیان دەکەن.

پاپا ئاماژەى بەوەشکرد، ئەوان پشتیوانى لەگەڕانەوەى کریستییانەکان دەکەن بۆ شوێنى خۆیان و دووبارە دەست بە ژیانێکى نوێ بکەنەوە، هەروەها نیگەرانى خۆشى بە کەمبوونەوەى پێکهاتەى کریستیانەکان کرد لەناوچەکانى خۆیان.

لەبەشێکى دیکەى وتارەکەیدا پاپای ڤاتیکان وتى" دەکرێت ئەم شارە ئاوەدان بکەینەوەو ئەو دڵانەى شکاون چاکیان بکەینەوە، دەکرێت هەمووان بەیەکەوە بە ئاشتى بژین و رووبەرووى کاولکارى نەبینەوە".

هەروەها پاپای ڤاتیکان نزای بۆ سەرجەم خەڵکى شارى موسڵ و کریستیانەکان کردو هاوکات نوێژی تایبەتى خۆیان کرد و تیایدا نزاى ئاوەدانى و ئاشتى بۆ خەڵکی موسڵ کرد.

هەر لە وتارەکەیدا پاپا روونیکردەوە، کە موسڵومانەکان و کریستیانەکان و پێکهاتەکانى تر رووبەرووى کارەساتى گەورە بوونەوە، بەڵام پێویستە بزانرێت کە ئاشتى لە جەنگ بەهێزترە، دەشڵێت" نابێت کەس بەناوی خواوە کەس بکوژێت، نابێت بە ناوی خواوە جەنگ رووبدات".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×