ئەنجومەنی قەزای سلێمانی گۆڕان: بەردەوام دەبین لە خەباتکردن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانى راپەڕین
  2021-03-07       385       
ئەنجومەنی قەزای سلێمانی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، گۆڕان بەردەوامە لەسەر خەباتی بێ چەکی ڕیفۆرمخوازی نیشتمانی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی ڕاپەڕین.

لەیادى (30) ساڵەى راپەڕین و لە (7/3) رۆژى راپەڕینى شارى سلێمانیدا، ئەنجومەنی قەزای سلێمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە راگەینراوێکدا باس لە هەوڵەکانى بزوتنەکە بۆ هێنانەدى ئامانجەکانى راپەڕین دەکات و ئاماژە بەوەش دەکەن، نەوشیروان مستەفا تاکە سەرکردەى کوردبوو کە توانى دۆخی ناوچەکە و هاوکێشەکان بخوێنێتەوە و ئامادەکاری بکات بۆ قۆناغی یەکەمی دوای شۆڕش.

دەقى راگەیەنراوەکە:

ڕاپەڕین وەک قۆناغی دوەمی ڕزگاری و گۆڕان وەک قۆناغی کۆتایی ڕیفۆرمی گشتی

بە درێژایی مێژو ئەگەر شۆڕشەکانی کوردی هەلی سیاسیان بۆ دروست بوبێ و بەریەککەوتنە ناوچەیی و جیهانیەکان ڕەسمی نوێی بەرژەوەندی هاوبەشیان کێشابێ و شۆڕشەکانی کوردی چوبێتنە قۆناغی حکومداری، ئەوا کورد نەیتوانیوە گۆڕانکاریەکان  بخوێنیتەوە و ئامادەکاری بۆ بکات و بوەتە کارتێک لەنێو ململانێی ناوچەیی و جیهانیدا و دواجار شکستی هێناوە ، ئەگەر گەشتبێتنە حکومداریەکی دیاریکراو ئەوا بەهۆی نەبونی ئەقڵی دەوڵەتداری دوبارە شکستی هێناوە.

دوای گۆڕانی هاوکێشە ناوچەیی و جیهانیەکان و تەواو بونی جەنگی عێراق/ئێران و دروستبونی هەلی سیاسی و سەربازی، تاکە سەرکردەیەک کە توانی دۆخی ناوچەکە و هاوکێشەکان بخوێنێتەوە و ئامادەکاری بکات بۆ قۆناغی یەکەمی دوای شۆڕش کە قۆناغی ڕزگاری بو، ئەو دەمانە هیچ سەرکردەیەک بونی نەبو لە کوردستاندا و تەنها نەوشیروان مستەفا توانی سود لە گۆڕانەکان وەربگرێ و ببێتە ئەندازیاری ڕاپەڕین.

دوای ڕانیە؛ نەوشیروان مستەفا دەیزانی سلێمانی قوڵایی ستراتیژی هەیە، بۆ فراوانبونی جوگرافیای ڕاپەڕین کاری لەسەر کرد و سلێمانی بوە پایەی نەکەوتنی دەروازەی ڕاپەڕین.

قۆناغی شۆڕشی شاخ لە ڕوی سەربازی و سیاسیەوە سەرکردەیەک توانی ببێتە ڕابەری، پاشان قۆناغی ڕزگاری و ڕاپەڕین و دوا قۆناغیش قۆناغی ڕیفۆرمی گشتی کە گۆڕان و کاک نەوشیروان دەبنە تەواوکاری قۆناغەکانی پێش خۆی.

کاتێک کە کۆی جومگەکانی دەسەڵات دەکەونە بەر ترسی لێک هەڵوەشان و حکومداری و دەوڵەتداری دەکەوێتە بەرترسی گەندەڵی و دو ئیدارەیی و ڕۆتین و کێشەی گەورە، گۆڕان دەبێتە پڕۆژەیەک بۆ ڕیفۆرمی گشتی و چاکسازی.

لە ئێستادا بزوتنەوەی گۆڕان لە سەر بناغەی پڕۆژە و بەرنامە و پاکێجەکانی بەرپرسیاریەتی گەورەی لە ئەستۆدایە، بەرپرسیاری گشتی چاکسازی حکومداری و ئیداری و یاسایی و پەیوەندی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و لەسەر و هەموشیانەوە بە نیشتمانیکردنی دام و دەزگاکانی دەوڵەتداری، لە ئەستۆی گۆڕاندایە ، گۆڕان بەردەوامە لەسەر خەباتی بێ چەکی ڕیفۆرمخوازی نیشتمانی بۆ گەشتن بە ئامانجەکانی ڕاپەڕین.

بەرز و شکۆدار بێ 3/7 ڕاپەڕینی سلێمانی و درود بۆ شەهیدەکانمان.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×