پاپا هەولێری جێهێشت و بەرەو بەغدا گەڕایەوە
  2021-03-07       506       

پاپا فرانسیس، كەمێك لەمەوبەر، هەولێری بەجێهێشت بەرەو بەغدا گەڕایەوە. لە فڕۆكەخانەی هەولێر لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم و مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، ماڵئاوایی لێكرا.

ئاوێنە: پاپا فرانسیس، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سەر لەبەیانی ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ لە رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر گەیشتە ھەرێمی كوردستان و لەگەڵ سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی پارتی كۆبوەوە، پاشان سەردانی موسڵ و قەرەقوشی كردو دواتر گەڕایەوە عەینكاوەی شاری هەولێر.

پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیكان، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، گەیشتە یاریگای فرەنسۆ هەریری لە هەولێر و لەلایەن جەماوەرێكی زۆری ئامادەبوی نێو یاریگاكەوە پێشوازی لێكرا.

پاپا فرانسیس بە ئۆتۆمبێلێكی تایبەت بەنێو یاریگاكەدا سوڕایەوە سڵاوی لە جەماوەری ئامادەبونی نێو یاریگاكە دەكرد و جەماوەرەكەش پێشوازییان لە هاتنی كرد كە 10 هەزار كەس ئامادەی رێوڕەسمەكەن، وێڕای نوێنەری پێكهاتە جیاجیاكان.

لە یارێگای فرەنسۆ هەریری پاپای ڤاتیكان، سەرپەرشتی قوداسێكی ئایینی كردو نوێژبەكۆمەڵی بۆ ئاشتی ئەنجامدا كە تێیدا بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان ئامادەبون.

پاپا فرانسیس، لە وتەی ماڵئاواییدا لە یاریگای فرانسۆ هەریری وتی، دەگەڕێمەوە بۆ رۆما بەڵام عێراق بۆ هەمیشە لە دڵمدا دەمێنێتەوە.

پاپا فرانسیس رۆژی هەینی بە سەردانێكی رەسمی گەیشتە بەغدای پایتەخت و لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران و بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراقدا كۆبوەوەو پاشان لە رۆژی دوەمی گەشتەكەیدا سەردانی نەجەفی كردو لەگەڵ ئایەتوڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكاندا كۆبوەوەو دواتریش سەردانی شاری مێژویی ئوری كرد.

بڕیارە سبەی دوشەممە، پاپای ڤاتیكان لە بەغداوە كۆتایی بە گەشتەكەی بهێنێت و بگەڕێتەوە رۆما.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×