مەسرور بارزانی: پشتیوانی بانگەوازەكەی كازمی دەكەم بۆ گفتوگۆی نیشتمانی
  2021-03-08       357       

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، پشتیوانی لە بانگەوازەكەی ئەمڕۆی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكەم بۆ گفتوگۆی گۆی نیشتمانی.

ئاوێنە: مەسرور بارزانی، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە تویتێكدا وتی"بە ناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی و پشتیوانی له‌‌ بانگه‌وازی سه‌رۆک وه‌زیرانی حکومەتی فیدرال به‌ڕێز مستەفا کازمی ده‌که‌م بۆ گفتوگۆی نیشتمانیی نێوان لایه‌نه‌ عێراقییەکان لە پێناو چارەسەری ڕیشەیی هەمو کێشەو ناکۆکییەکان."

مەسرور بارزانی وتوشیەتی"هەروەها ئامادەیی خۆمان دەردەبڕین بۆ ڕێککه‌وتن و چارەسەری بنەڕەتی و یه‌کجاری هەمو کێشەکانی نێوان حکومە‌تی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان به‌پێی بنەماکانی ده‌ستور."

ئەمڕۆ دوشەممە، مستەفا كازمی بانگەوازی بۆ گفتوگۆیەكی نیشتمانی لەنێوان هەمو لایەنەكان كردو رایگەیاند، “داوا لە لایەنەكان دەكەم گفتوگۆیەكی نیشتمانییەی قوڵ و گشتگیر بكرێت و یەكڕیزی نیشتمانیی پتەوبكرێت و هێزەكانی ئۆپوزسیۆن بێنە ناو گفتوگۆیەكی ڕاشكاوانەوە.”

پێشتریش نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە تویتێكدا پشتیوانی خۆی بۆ بانگەوازەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق راگەیاندبو.

نێچیرڤان بارزانی وتبوی"پشتیوانی له‌‌ بانگه‌وازی سه‌رۆک وه‌زیران به‌ڕێز کازمی ده‌که‌م بۆ گفتوگۆی نیشتمانیی نێوان لایه‌نه‌ ناکۆکه‌کانی عێراق و گفتوگۆیه‌کی نیشتمانیی ڕاسته‌قینه‌ی قوڵ بۆ ڕێککه‌وتنی یه‌کجاری و چاره‌سه‌رکردنی ڕیشه‌ییی کێشه‌کانی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ حکومه‌تی فیدراڵی به‌پێی ده‌ستور."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×