عەلی حەمە ساڵح: سلێمانیان تەنیا بۆ داگیرکردنی زەوی و قاچاغی و کۆمپانیاکاریە
  2021-03-09       869       
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، سلێمانیان تەنیا بۆ داگیرکردنی زەوی و قاچاغی و کۆمپانیاکاریە و لەبەر پێنەدانی چەند دەفتەر دۆلارێک خاشاکی ئەم شارە کۆناکرێتەوە.

ئاوێنە: عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردەوە، "لەبەر پێنەدانی چەند دەفتەر دۆلارێک خاشاکی ئەم شارە کۆناکرێتەوە، بەڵام ئامادەن لە دو ساڵدا ھەزاران دۆنم زەوی داگیربکەن و بایی سەدان ملیۆن دۆلار بفرۆشن، بەڵام چەند دەفتەرێک بۆ پاککردنەوەی ئەم شارە نیە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "بە وردبین دەگەڕێن لە کوێ زەوی مابێت داگیری دەکەن، بەڵام ئامادەنین خەمێک لە خاشاک و درەختەکانی ئەم شارە بخۆن، بایی 150 ملیۆن دۆلار مەخزەن دەفرۆشن، بەڵام ئامادەنین روبعە ملیۆنێک بۆ پاککردنەوەی ئەم شارە تەرخان بکەن، 22 ھەزار پارچە زەوی بەنایاسایی دەفرۆشنە 332 ملیۆن دۆلار، بەڵام ملیۆنێک دۆلار بۆ ئەم شارە نیە".

عەلی حەمە ساڵح باسی لەوەشکردوە، "بە گۆڕەپانی سوتەمەنی قاچاغ و کارگەی جگەرە و مەشروبی نایاسای و قاچاخ (لە ھەولێریش ھەیە) ژەھر دەکەنە قوڕگی خەڵکی ئەم شارەو تووشی دەیان نەخۆشیان دەکەن، بەڵام ئامادەنین 2%‏ ئەم پارە بۆ ژینگە تەرخان بکەن".

رونیشیکردەوە، "لەسەر گیرفانی خەڵکی ئەم شارە چەندین کەناڵ و سایت و پەیجیان داناوەو چەندینی دیکەش بەڕێوەیە، پارە ھەیە مانگانە 10 ھەزار دۆلار بدرێتە رۆژنامەنوسێک، بەڵام پارەنیە بۆ پاککردنەوەی خاشاک، ئەگەر 10% ئەو پارەی دو ساڵی رابردو لە قاچاخچێتی و داگیرکردنی زەوی ئەم شارەدا دەستکەوت، بخرایەتە خزمەتی ئەم شارە، جوانترین شاری عێراق دەبو".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×