فراكسیۆنی پارتی: هەوڵدەدەین پشكی هەرێم له‌پرۆژه‌یاسای‌ بودجه‌دا بپارێزین
  2021-03-09       637       
د. ڤیان سەبری
 سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، بۆ پشكی هەرێم لەناو بودجەدا تاوەكو ئێستا دەقێكی تر نەهاتووە‌، جگە لەو دەقەی لای حكومەتی عێراق هاتووە، "ئێمه‌ش هەوڵدەدەین پشكی هەرێم له‌پرۆژه‌یاسای‌ بودجه‌دا بپارێزین‌و وه‌ك خۆی‌ په‌سه‌ندبكرێت".

ئاوێنه‌: د. ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە‌ماڵپەڕی حزبه‌كه‌ی‌ وتووه‌، "لەدانیشتنی دوێنێی ئەنجومەنی نوێنەراندا، 150 واژوو كۆكراونەتەوە‌ بۆ ئەوەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2021ی عێراق، بخرێتە دەنگدانەوە، دیارە هەندێك پەرلەمانتار و لایەنی سیاسی دەیانەوێت بودجەكە بخرێتە دەنگدانەوە، بۆیە سەرۆكی پەرلەمان بڕیاری دا كە لە بەرنامەی كاری دانیشتنی رۆژی دووشەممەی داهاتوودا، بودجە بخرێتە دەنگدانەوە".

 لەبارەی پشكی هەرێمی كوردستانیش، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ده‌ڵێت، "بۆ پشكی هەرێمی كوردستان لەنێو بودجەدا، تاوەكو ئێستا دەقێكی تر نەهاتووە‌، جگە لەو دەقەی لای حكوومەتی عێراق هاتووە، ئێمەش پشتگیری لەو دەقە دەكەین كە لەلای حكوومەتەوە هاتووە".

ناوبراو راشیگه‌یاندووه‌، "دوێنێ بڕیار دراوە بۆ ئەوەی بودجە بخرێتە دەنگدانەوە، بۆیە ئێمەش دووبارە ئامادەكاریی خۆمان لەم چەند رۆژەدا دەكەینەوە و، هەوڵ دەدەین بۆ ئەوەی بگەینە چارەسەری تەواو و پشكی هەرێمی كوردستانیش بپارێزین و وەك خۆی پەسەند بكرێت".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×