2021-03-13   683     
محمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران نامەیەکی لەبارەی گەڕانەوەی ئێران بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی ئاراستەی جۆزیف بۆرێڵ بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا دهكات.
ئاوێنه: ئەمڕۆ شەممە 13 ی ئاداری 2021 بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی روسیا تودەی، محمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران نامەیەکی لەبارەی گەڕانەوەی ئێران بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی ئاراستەی جۆزیف بۆرێڵ بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا کرد و تێیدا تێڕوانینی ئێرانی لەبارەی چۆنیەتی گەڕانەوە بۆ ئەو رێککەوتنە رونکردۆتەوە.
لەوبارەیەوە، سەعید خەتیبزادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، نامەکەی زەریف تێڕوانینی ئێرانی لەبارەی گەڕانەوە بۆ ئەو رێککەوتنە تێدایە، بەڵام هیچ دەستپێشخەرییەکی نوێی تێدانیە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئهوهشی خستهروو، لەو نامەیەدا زەریف ئەوەی بە بۆرێڵ وتوە کە پێویستە واشنتن وەک لایەنێکی پێشێلکار لەرێککەوتنەکە بگەڕێتەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی و سزا بەنایاسایی سەپێنراوەکانی هەڵگرێت، ئینجا چاوەڕێی هەنگاوی کرداری زیاتر لەتاران بکات.
ئەوهش لەکاتێکدایە دوێنێ هەینی جەیک سولیڤان راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا رایگەیاندبو، ئەمریکا بەشێوەی ناڕاستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ تاران دەکات بۆ تاوتوێکردنی پرسی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە.