پەرلەمانی عێراق لەبارەی پارێزگای هەڵەبجەوە بڕیارێكی دا
  2021-03-16       1017       

پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی ئەمشەوی خۆیدا، بڕیاریدا بە پابەندكردنی حكومەتی عێراق بۆ تەواوكردنی رێكارەكانی راگەیاندنی هەڵەبجە وەك پارێزگا.

ئاوێنە: بەگوێرەی ئاژانسی رەسمی هەواڵی عێراق، ئەنجومەنی وەزیران بە كۆی دەنگ بڕیاریداوە بە پابەندكردنی حكومەتی عێراقەوە بۆ تەواوكردنی رێكارەكانی پەیوەست بە راگەیاندنی هەڵەبجە وەك پارێزگای نۆزدەیەمی عێراق.

بەختیار شاوەیس، وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق، كەمێك لەمەوبەر لەلاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك نوسیویەتی"ئێستا دوای خوێندنەوەی بەیانی کوتلە کوردستانیەکان لەلایەن بەندەوە لەناو هۆڵی پەرلەمان، پەرلەمانی عێراق دەنگیدا کە  کارەکانی بەپارێزگابونی هەڵەبجە تەواو بکرێن."

بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ 16ی 3، 33 ساڵ بەسەر مەرگەساتی كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجەدا تێپەڕدەبێت.

ئەمڕۆش بە بۆنەی یادی كارەساتی هەڵەبجەوە هەردو پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق موسەنا ئەمین و بەختیار شاوەیس بە نوێنەرایەتیی فراکسیۆنە کوردییەکان سەردانی مستەفا كازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراقیان کرد.

 موسەنا ئەمین، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكرد كە لە کۆبونەوەکەدا داوایان لە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردوە کە هەڵەبجە وەکو پارێزگای نۆزدەیەمی عێراق بناسێنرێت، ئەویش "قەناعەتی خۆی بە بابەتەکە دەربڕیوەو وتویەتی لە نزیکترین دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیراندا ئەم بابەتە باسدەکرێت و هەوڵدەدەین هەواڵێکی دڵخۆشکەر بە ئێوە بدەین."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×