بەرهەم ساڵح: سیستمی حوكمڕانی لە عێراق پێویستی بە پێداچونەوەیەكی بونیادیی هەیە
  2021-03-16       504       

بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق رایگەیاند، سیستمی حوكمڕانی عێراق پێویستی بە پێداچونەوەیەكی بونیادیی هەیەو ئەم سیستمەی ئێستا داخوازییەكانی هاوڵاتیانی عێراق ناهێنێتەدی چونكە بەبڕوای ئەو "كێشەی بونیادیی" تێدایە.

ئاوێنە: بەرهەم ساڵح، ئەمڕۆ سێشەممە، لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "سكای نیوزی عەرەبی" رایگەیاند، من وەك سەرۆكی عێراق قسەدەكەم، بەوپەڕی راشكاوی و بەبێ هیچ دودڵییەك دەڵێم، ئەم سیستمی حوكمڕانییە داخوازییەكانی هاوڵاتیانی عێراق ناهێنێتەدی، چونكە كێشەی بونیادیی تێدایە.

سەرۆك كۆماری عێراق هێمای بۆ ئەوەش كرد كە ئەوەی لە ساڵی 2003 رویدا، بێ هیچ گومانێك، خاڵی وەرچەرخان بو لە مێژوی عێراقدا، عێراقییەكان رەزامەندیان لەسەر دەستورێك دا بەڵام دوای ئەزمون، دەركەوت كەموكورتییەكانی ئەو دەستورە كەم نین.

وتیشی"بڕۆ بۆ پارێزگاكانی باشوری عێراق، بڕۆ بۆ ناسریە، عەممارە، بەسرەو پارێزگاكانی دیكە، دۆخی خزمەتگوزاری تێیاندا، راستییەكی زۆر ئازاردەرە."

جەختیشی كردەوە كە ئێمە پێویستمان بە گفتوگۆیەكی نیشتمانی هەیە لەسەر مێزێك دانیشین و باس لە قوڵایی پرسەكان بكەین و بزانین كێشەكە لەكوێدایە و وتیشی"عێراقییەكان شایستەی باشترن."

هەروەها وتیشی"ئێمە دەمانەوێت دۆخێكی نوێ بونیادو دابمەزرێنین، پەند لە ئەزمونی پێشتر وەربگرین."

سەرۆك كۆماری عێراق راشیگەیاند"سیستمی حوكمڕانی جارێكی دیكە پێویستی بە پێداچونەوەیەكی بونیادی هەیە، كورد دۆخێكی تایبەت بە خۆی هەیە، خەڵكی باشوری عێراق دۆخی تایبەتی خۆیان هەیە، هەروەك خەڵكی ناوچەكانی رۆژئاوای عێراقیش دۆخی تایبەتی خۆیان هەیە، شانازی بە ئینتیماكانیانەوە دەكەین، بەڵام لە هەمان كاتدا، بەڵام رێككەوتن لەسەر پڕۆژەی دەوڵەتێكی بەهێز كە بتوانێت یاسا بەسەر هەمواندا بسەپێنێت و سەروەری وڵات بپارێزێت..دەبێت ئەمە بنەمای پڕۆژە نیشتمانییەكە بێت."

لەبارەی دەستوەردانە دەرەكییەكانەوە بەرهەم ساڵح وتی، دەستوەردانەكان لەڕێگەی خۆمانەوە ئەنجام دەدرێن، بە سوپاوە نەهاتون دەست لە كاروبارەكانمان وەربدەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×