بەرهەم ساڵح: سەرقاڵی دەستەبەرکردنی یاسایەکم بۆ گێڕانەوەی ئەو پارانەی بەناڕەوا براونەتە دەرەوەی عێراق
  2021-03-17       568       

بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ده‌ڵێت، بەهاوکاری پەرلەمانی عێراق سەرقاڵی دەستەبەرکردنی یاسایەکه‌ بۆ گێڕانەوەی هەمو ئەو پارانەی بەناڕەوا براونەتە دەرەوەی عێراق‌و ئێستا لەپایتەختی وڵاتانی دەرەوە وەبەرهێنانیان پێ دەکرێت.

ئاوێنه‌: له‌چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ به‌شی عه‌ره‌بی كه‌ناڵی سكای نیوز بەرهەم ساڵح رایگەیاند، "دۆسیەی گەندەڵی دۆسیەیەکی مەترسیدارو گەورەیە، پێویستی بەچارەسەری بەرفراوان و قوڵە، بەڵام لەگەڵ هەمو ئەو ئاڵنگاریانەشدا کۆمەڵێک رێوشوێن گیراوەتەبەرو دادگاکان لەسەر کۆمەڵێک دۆسیەی گەندەڵی رێوشوێنی یاساییان گرتوەتەبەر".

وتیشی‌، "بەهاوکاری پەرلەمانی عێراق سەرقاڵی دەستەبەرکردنی یاسایەکم بۆ گێڕانەوەی هەمو ئەو پارانەی بەناڕەوا براونەتە دەرەوەی عێراق‌و له‌ئێستادا لەپایتەختی وڵاتانی دەرەوە وەبەرهێنانیان پێ دەکرێت، دەتوانم بڵێم کۆمەڵێک رێوشوێنی گرنمان پەیڕەو کردوە". 

سەرۆک کۆماری عێراق ئه‌وه‌شی‌ وت، "لێدانی گەندەڵی دارایی هۆکارێکی بنەڕەتیە بۆ دەستەبەری ئاسایشی وڵات، بەبێ ئەمە ناتوانین دەستەبەری ئاسایش بکەین".

له‌باره‌ی‌ گره‌نتی‌ هه‌ڵبژاردنێكی‌ پاك‌و بێگه‌ر دور له‌ساخته‌كاریی، بەرهەم ساڵح ده‌ڵێت، "ئەگەر ئێمە نەتوانین هەڵبژاردنێکی بێگەرد بکەین و عێراقییەکان دڵنیانەبن لەوەی کە دەنگەکانیان بەشێوەیەی راست و دروست مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و بڕیاری ئەوان رێز لێگیراوەو یاری بەئیرادەی دەنگدانی ئەوان ناکرێت، ناتوانین پڕۆسەکە بخەینەوە سەر ڕاستەڕێی خۆی، کەواتە ئەمانە رێوشوێنی زۆر گرنگ دەبن کە ئێمە پەیڕەویان دەکەین، لەڕاستیدا گەندەڵی دارایی کە سەرچاوەکەی ئابوری سیاسییە، دەبێتە هۆی گەندەڵی لەهەڵبژارندا".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×