دوای دورخستنەوەی پارێزگاری بانكی ناوەندی، لیرەی توركی بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزی
  2021-03-22       859       

دوای ئەوەی رۆژی شەممەی رابردو، ناجی ئیقبال، پارێزگاری بانكی ناوەندی توركیا لەلایەن ئەردۆغانەوە لە پۆستەكەی دورخرایەوە، لیرەی توركی بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزی.

ئاوێنە: بەپێی هەواڵێكی "بی بی سی"، دوێنێ یەكشەممە، لیرەی توركی بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە بەشێوەیەك لەسەدا 14ی بەهای خۆی لەدەستداوە بەڵام سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممە، كەمێك روی لە بەرزبونەوە كردوە.

رۆژی شەممەی رابردو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا بڕیاریدا بە دورخستنەوەی ناجی ئیقبال لە پۆستی پارێزگاری بانكی ناوەندی، كە ئەوەش بڕیارێكی چاوەڕوان نەكراو بو، چونكە سیاسەتەكانی ناجی ئیقبال لەماوەی رابردودا بونە هۆی راگرتنی دابەزینە پێوانەییەكانی لیرەی توركی.

ناجی ئیقبال بەهای سودی بەرزكردبوەوە ئەوەش وەك هەوڵێك بۆ بەرگرتن لە ئاستی هەڵاوسان كە لە لەسەدا 15 تێپەڕی بو.

ناجی ئیقبال لەمانی تشرینی دوەمی رابردودا پۆستی پارێزگاری بانكی ناوەندی توركیای وەرگرت، كە لەماوەی دو ساڵی رابردودا سێیەم كەس بوە، ببێتە پارێزگاری بانكەكە.

بڕیاری دورخستنەوەی لەو پۆستە لەلایەن ئەردۆغانەوە، وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانیشی وەك یەك توشی شۆك كرد، چونكە وەبەرهێنەران ستایشی سیاسەتەكانی ناوبراویان دەكرد.

هەفتەی رابردو، لیرەی توركی بەرزبونەوەیەكی بەرچاوی تۆماركرد ئەوەش بەهۆی بڕیارەكەی ناجی ئیقبالەوە بۆ بەرزكردنەوەی بەهای سود بەڕێژەی لەسەدا دو.

ئەردۆغان، شەهاب قەهوەچی ئۆغلۆی وەك پارێزگاری نوێی بانكی ناوەندی وڵاتەكەی دەستنیشان كردوە، كە چاودێران نیگەرانی ئەوەن ئەو بڕیارە زیان لەو دەستكەوتانە بدات كە لەسەردەمی ناجی ئیقبالدا بەدیهاتون.

قەهوەچی ئۆغلۆ خاوەنی ناوبانگێكی زۆر نییە، بەڵام دەزانرێت كە ئەو دژی سیاسەتی بەرزكردنەوەی بەهای سودە وەك ئامڕازێك بۆ روبەڕوبونەوەی بەرزبونەوەی ئاستی هەڵاوسان.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×