ناتانیاهو: تەنها پێویستمان به‌ 2 کورسی زیاتره‌ بۆ سەرکەوتن له‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا
  2021-03-23       367       
بینیامین ناتانیاهۆ
ئەمڕۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئیسرائیل دەستیپێکردو بینیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیران‌و سه‌رۆكی‌ پارتی لیکۆد-یش ده‌ڵێت،  بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی راستڕەوی بەهێز تەنها پێویستیان بە 2 کورسی زیادە هەیە.

ئاوێنه‌: بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، ناوەندو سندوقەکانی دەنگدان بەڕوی دەنگدەراندا کرانەوەو تاوەکو کاتژمێر 10ی شەو بەکراوەیی دەمێننەوە.

ئەمە چوارەم جارە لەماوەی دوو ساڵدا ئیسرائیلییەکان دەنگبدەن، دوای ئەو هەڵبژاردنەی کە لەمانگی ئاداری 2020 بەڕێوەچوو.

لەئەگەری بەردەوامی قەیرانەکانی پێکهێنانی حکومەت، بەدور نازانرێت بۆ جاری پێنجەم هەڵبژاردن لەئیسرائیل ئەنجامبدرێتەوە.

لیژنەی ناوەندیی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل لەراگەیەندراوێکدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات کە شەش ملیۆن و ٥٧٨ هەزار و ٨٤ ئیسرائیلی مافی دەنگدانیان لەم هەڵبژاردنەدا هەیە.

دەنگدەران لە ١٣ هەزار و ٦٨٥ سندووقی دەنگدان کە لەسەرتاسەری ئیسرائیل دابەشکراوە، دەنگی خۆیان دەدەن.

لیژنەی ناوەندەیی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل، بۆ تووشبووانی کۆرۆنا رێککاری پێویستی گرتووەتەبەر بەجۆرێک تووشبووانی ڤایرۆسەکە دەتوانن لە ناوەندێکی تایبەت بەبێ جێهێشتنی ئۆتۆمبێلەکانیان دەنگ بدەن.

لەم هەڵبژاردنەدا ٣٩ لیست کێبڕکێ دەکەن و بەپێی راپرسییەکی رای گشتیی کە لە هەفتەکانی کۆتاییدا بڵاوکراوەتەوە، پێشبینی دەکرێت ١٥یان سەرکەوتن بەدەست بهێنن.

بەگوێرەی راپرسییەکان، پێشبینی دەکرێت پارتی لیکۆد یەکێک بێت لە لیستە براوەکانی هەڵبژاردنەکە، بەڵام سەرۆکی پارتەکە، بێنیامین ناتانیاهو رووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە لە پێکهێنانی حکوومەت، چونکە بۆ بەدەستهێنانی متمانەی حکوومەتەکەی، لەکۆی ١٢٠ کورسی کنێست، پێویستی بە دەنگی ٦١ کورسی دەبێت.

ناتانیاهو لەپەیجی تایبەتی خۆی لەفەیسبوک لەوەڵامی یەکێک لەلایەنگرانی حزبەکەیدا رایگەیاندووە، "تەنها پێویستم بەدوو کورسی هەیە بۆ پێکهێنانی حکومەتی راستڕەوی بەهێز".

دوای داخستنی سندووقەکانی دەنگدان، ئەنجامی بەرایی بەشێکی هەڵبژاردنەکە رادەگەیەنرێت بەڵام ئەنجامی بەرایی بەشێوەی فەرمیی نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە دەرده‌کەوێت.
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×