عێراق و ئەمه‌ریكا دیالۆگی ستراتیژی ئەنجامدەدەن
  2021-03-24       409       

بڕیاره‌ مانگی نیسان/ ئه‌پریلی 2021، عێراق و ئەمه‌ریكا دیالۆگی ستراتیژی بۆ تاووتوێكردنی داھاتووی ھێزەكانی ئەمه‌ریكا لە عێراق ئەنجامدەدەن.

ئاوێنه‌: جین ساكی، گوتەبێژی كۆشكی سپی لە راگەیاندراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە، ئەمه‌ریكا و عێراق مانگی نیسان دیالۆگی ستراتیژی دەبەستن و لەو كۆبوونەوانەدا ئەوە شی دەكرێتەوە كە ئەو ھێزانەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی كە ئێستا لە عێراقن، بۆ راھێنانی ھێزەكانی عێراق و راوێژی سەربازییە بۆ رێگرتن لە دووبارە سەرھەڵدانەوەی داعش.

ئاماژەی بەوەش كردووە، دیالۆگەكە دەرفەتێكی گرنگە بۆ گفتوگۆكردنی بەرژەوەندییە ھاوبەشەكانیان لە بوارەكانی ئەمنی و رۆشنبیری و بازرگانی و كەشوھەوا.

بەشێك لە لایەنە شیعییەكان سوورن لەسەر كشانەوەی ئەمه‌ریكا و لە سەرەتای دەستبەكاربوونی ئیدارەی بایدنیش، وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە فەرمی داوای لە ئەمه‌ریكا كردووە كاتێك دیاریبكرێت بۆ دەستپێكردنی دیالۆگی ستراتیژی بۆ تاوتوێكردنی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و واشنتن.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×