ئاماری نوێی كۆرۆنا لە عێراق: بەرزترین ژمارەی توشبوان تۆماركرا
  2021-03-24       706       

بەپێی راگەیەندراوی ئەمڕۆ(چوارشەممە)ی وەزارەتی تەندروستی عێراق لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا، شەش هەزارو 51 توشبوی نوێی كۆرۆنا تۆماركراون كە ئەوەش بەرزترین تۆماری رۆژانەی توشبوانە لەو كاتەوەی ڤایرۆسەكە هاتۆتە عێراق.

ئاوێنە: وەزارەتی تەندروستی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد: لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا، 39 هەزارو 66 پشكنینی كۆرۆنا لەسەرتاسەری وڵات ئەنجامدراون و بەپێی ئەنجامەكان شەش هەزارو 51 كەسی دیكە توشی كۆرۆنا بون كە ئەوەش بەرزترین تۆماری رۆژانەی توشبوانە لەو كاتەوەی ڤایرۆسەكە لەمانگی شوباتی ساڵی رابردودا هاتۆتە عێراق.

بەپێی بەیاننامەكە هەر لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا ژمارەی ئەو توشبوانەی لە ڤایرۆسەكە چاكبونەتەوە كەمتر بون لەوانەی توشی كۆرۆنا بون بەشێوەیەك كە چوار هەزارو 185 توشبوی كۆرۆنا چاكبونەتەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە هەر لە ماوەی 24 سەعاتی رابردودا 29 توشبوی ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە كە حەوتیان لە پارێزگاكانی هەرێم بون: 4 هەولێر، 2 دهۆك، 1 سلێمانی.

وەزارەتی تەندروستی عێراق لە بەیاننامەكەیدا هێمای بۆ ئەوە كردوە كە بە تۆماركردنی ئەم حاڵەتە نوێیانە، كۆی توشبون بە كۆرۆنا گەیشتۆتە 809 هەزار و 92 كەس و لەوانە 14 هەزارو 95 كەسیان گیانیان لەدەستداوەو 727 هەزارو 471 كەسیان چاكبونەتەوەو 67 هەزارو 526 كەسیشیان لەژێر چارەسەردان كە لەوانە 476 توشبویان لەژێر چاودێری چڕدان.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×