راوێژکارى دارایی كازمی: مشتومڕى کوتلە سیاسییەکان لەبارەى نرخى دۆلار پشێوى لەبازاڕ دروستکردووە
  2021-03-25       406       

راوێژکارى دارایی سەرۆک وەزیرانى عێراق رایگەیاند، مشتومڕى کوتلە سیاسییەکان لەبارەى نرخى دۆلار پشێوى لەبازاڕ دروستکردووە و زانیارییە جیاجیاکان لەو بارەیەوە پشتیان بە پێشبینى هەڵە بەستووە.  

ئاوێنه‌:  مەزهەر محەمەد ساڵح لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەى "سەباح" ى  رایگەیاند، مشتومڕى نێوان کوتلە سیاسییەکان لەسەر پرسى گۆڕینى نرخى دۆلار کاریگەرى لەسەر خواست و خستنەڕوو دروستدەکات و پشێوى لەجموجۆڵى بازاڕ لێدەکەوێتەوە، بەتایبەت کە پێشبینییەکان لەو بارەیەوە تا ئێستا یەکلایی نەکراونەتەوە.  

وتیشى "بەرزکردنەوەى نرخ بۆ یەک جارە و بەردەوام نابێت بۆ داهاتوو، پێموایە ئەو زانیارییە جیاجیانە پشتیان بە پێشبینى هەڵە بەستووە".  

راوێژکارەکەى کازمى پێشبینیدەکات ئاستى بەرزبوونەوەى نرخەکان لەداهاتوودا سەقامگیر دەبێت و بەم دۆخەى ئێستا نامێنێنەوە.  

ماوەى چەند رۆژێکە بەشێک لە پەرلەمانتاران بانگەشەى دابەزاندنى بەهاى دۆلار دەکەن لەناو پڕۆژەى بودجە، ئەوەش شڵەژانێکى گەورەى لەبازاڕدا دروستکرد و نرخى 100 دۆلارى بۆ 142 هەزار دینار داشکاند، بەڵام دواتر نرخەکە بەرەو سەرەوە هەڵکشایەوە.  
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×