بەریتانیا یاسای پەنابەرێتی قورستر دەکات
  2021-03-26       997       

بەریتانیا یاسای پەنابەرێتی قورستر دەکات لەسەر ئەو پەنابەرانەی بە نایاسی دەچنە وڵاتەکەیەوە.

زریان محەمەد، ئاوێنە: دەشتی جەمەمال، سکرتێری فدراسێۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراق بە ئاوێنەی ڕاگەیاند"لەڕێکەوتی 23/3/2021، 183 پەنابەر بە شەش بەلەم لەیەك ڕۆژدا گەیشتنە بەریتانیا لەڕێگای دەریای ( مانش )ەوە."

راشیگەیاند"وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ئاماژەی بەوەداوە لەهەمان ڕۆژو کاتدا بەرپرسانی ئەمنی دەریایی فەڕەنساش ڕێگریان کردبو لە پەڕینەوەی 50 پەنابەری تر بۆ بەریتانیا کە ئەمە بۆ یەکەمجارە لەم ساڵدا 183 پەنابەر لەیەک ڕۆژدا بگەنە بەڕیتانیا لەڕێگایی دەریای مانشەوە."

ئاماژەی بەوەشدا"بەپێی ئاماری پۆلیسی ئێشکگری دەریایی بەریتانیا لەسەرەتای ئەم ساڵەوە تائێستا  ژمارەی ئەو پەنابەرانەی لەڕێگای دەریایی 'مانش'ەوە گەیشتونەتە بەڕیتانیا بریتیە لە 850 پەنابەر کە ئەم ژمارەیە زیاتر لە دو هێندەی ساڵی پارە کە تا هەمان کات 338 پەنابەر لەو رێگایەوە گەیشتبونە بەریتانیا."

جەختیکردەوە کە ئەمە لەکاتێکدایە حکومەتی بەریتانیا بەردەوام ڕێکاری نوێ دەگریتەبەر بۆ ڕێگریکردن و سەختکردنی ڕێگاکانی گەیشتنی پەنابەران بۆ بەڕیتانیا لەڕێگای دەریاوە.

سەبارەت بە پێشنیارە یاساییە نوێیەکانی حکومەتی بەریتانیا دەشتی جەمال وتی"ئەو پەنابەرانەی دەگەنە بەریتانیا هەلسەنگاندن بۆ کەیس و بارودۆخیان دەکرێت بەمەبەستی مانەوەیان لەبەریتانیا لەسەر بنەمای ئەو ڕێگایانەی لێوەی هاتون، ئەگەر دەرکەوت بەرێگای نایاسایی هاتون ئەوە بێبەش دەکرێن لەگشت ئەو مافانەی دەدرێن بەو پەنابەرانەی بە یاسایی هاتون و ڕوبەڕوی دیپۆرتکردنەوەش دەکرێنەوە ئەگەر کەیسەکانیان لەژێر هەڵسەنگاندیشدا بێت."

رێکخراوە ناحکومییەكان و هەڵسوراوانی مافی مرۆڤ و پەنابەرانیش ڕەخنەیان لەم یاسا تازانە گرت و ئاماژەیان بەوەدا کە بە هیچ شێوەیەك ئەمە کاریگەری ناكاتە سەر ئەو قاچاخچیانەی بازرگانی بەژیانی پەنابەرانەوە دەکەن.


زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×