كەتائیبی حزبوڵا لەسەر نمایشە سەربازییەكەی دوێنێ لەبەغدا رونكردنەوە دەدات
  2021-03-26       816       

كەتائیبی حزبوڵا رەتیدەكاتەوە ئەوەی دوێنێ لەلایەن گروپی چەكداری "رەبعەڵا"ەوە لە شاری بەغدا كراوە "نمایشی سەربازی" بوبێت و دەڵێت، گواستنەوەی هێزێك بوە لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی دیكەی بەغدا لەچوارچێوەی ئەركەكانیاندا.

ئاوێنە: ئەبو عەلی عەسكەری، بەرپرسی ئەمنیی كەتائیبی حیزبوڵا، ئەمڕۆ هەینی، لە راگەیەندراوێكدا وتی"هێزێكی حەشدی شەعبی كە ئێمە سەرپەرشتی و پشتیوانییان دەكەین بەمەبەستی جێبەجێكردنی ئەركەكانیان و بەرگریكردن لە وڵاتە خۆشەویستەكەمان، بۆ ناوچەیەكی دەوروبەری بەغدا گوازرانەوە، ئەمەش گواستنەوەیەكی رۆتینییە و پێویست بە هەماهەنگی لەگەڵ هیچ لایەنێك ناكات."

ئەوەشی خستۆتەڕو"لەبەر چەند هۆكارێكی ئەمنی و تەكنیكی ئاڕاستەی گواستنەوەی ئەو هێزە بەرەو ناوەڕاستی بەغدا گۆڕدرا. هەندێك لە گەنجانی خوێنگەرم گۆڕینی ئاڕاستەی هێزەكەیان قۆستەوە بۆ ئەوەی چەند داواكارییەكی رەوا بەیان بكەن. بەڵام بەشێوازێك كە لای ئێمە قبوڵكراو نییە."

لەگەڵ ئەوەش وتویەتی"كۆنترۆڵكردنی چەك ئەگەر كرا، دەبێت بەبێ جیاوازی هەموان بگرێتەوە لەنێویاندا وڵاتانی داگیركەری عێراقیش."

هەروەها لەبەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا وتویەتی"پێویستە ئەوانەی بانگەشەی چاكسازی دەكەن و بەشدارن لە حكومەت چاویان لە پێویستییەكانی هەژران و كەمدەرامەتان بێت و واز لە تۆمەت هەڵبەستن و راوكردن لەناو ئاوی لێڵدا بێنن."

ئەبو عەلی عەسكەری، بەشێكی راگەیەندراوەكەیدا باسی پشكی هەرێمی كوردستانی لە بودجەدا كردوەو جەختی كردۆتەوە كە "هیچ پشكێك لە بودجەدا بۆ هەرێمی كوردستان بونی نابێت ئەگەر داهاتی نەوت و خاڵە سنورییەكان رادەست نەكات لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی دەستنەبردن بۆ موچەی گەلی كورد."

هەروەها بەبڕوای ئەو بەرپرسەی كەتائیبی حزبوڵا، دەبێت حكومەت ئەوانە بگەڕێنێتەوە كە گرێبەستەكانیان هەڵوەشێنراوەتەوەو بێكاران بخاتە سەر كارو فۆڕمی بایەعی بگێڕێتەوەو نرخی دۆلاریش وەك خۆی لێ بكاتەوە.

گروپی رەبعەڵا، دوێنێ پێنجشەممە، بە جلی سەربازی و ئۆتۆمبێلی سەربازی بە شەقامەکانی بەغدا سوڕانەوەو ئەوەش كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناو چەند داواكارییەكی خستەڕو لەوانە: گەڕاندنەوەی نرخی دۆلار بۆ نرخی جارانی و پێنەدانی بودجە بە هەرێمی كوردستان.

مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئامانج لەو نمایشە تێكدانی دۆخەكەو دورخستنەوەی عێراقە لە رۆڵی راستەقینەی خۆی.

بەرلەویش موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە تویتێکدا داوای رونکردنەوەی لە حەشدی شەعبی کرد و رایگەیاند ئەگەر ئەو گروپە سەر بە حەشدی شەعبین دەبێت سزایان بدات، ئەگەرنا دەبێت خۆیان لێ بێبەری بکات.

دوابەدوای ئەوەش دەستەی حەشدی شەعبی، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، بونی جوڵەی سەریازی یەكەكانی حەشدی شەعبی لەنێو شاری بەغدای پایتەخت بەتەواوەتی رەتدەكەینەوە.

جەختیشی كردەوە كە جوڵەی هێزەكانی حەشدی شەعبی لەچوارچێوەی فەرمانەكانی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكاندا و بە هەماهەنگی دەبێت لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان.

ئەوەشی خستەڕو، لیواكانی حەشدی شەعبی بە ژمارە دەناسرێنەوە نەك بە ناوی دیكەوەو بەڕێوەبەرایەتییەكانی حەشدی شەعبیش هەڵگری ناوی رەسمی ناسراون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×