لیژنەی دارایی بەدوری دەزانێت سبەی دانیشتنی پەرلەمان لەبارەی بودجەوە ئەنجام بدرێت
  2021-03-26       438       

ئەندامێکى لیژنەى دارایی لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند؛ سبەی شەممە لیژنەى دارایی کۆبونەوە لەگەڵ سێ وەزیرى عێراق ئەنجام دەدات و دەشڵێت: ئاسان نییە سبەی دانیشتن لەبارەى بودجەوە ئەنجام بدرێت.

ئاوێنە: ئەحمەد حاجى رەشید، ئەندامى لیژنەى دارایی لە پەرلەمانى عێراق، ئەمڕۆ هەینی بە میدیای گۆڕانی راگەیاند"سبەی سەعات (10:00) لیژنەى دارایی لە پەرلەمانى عێراق کۆبونەوە لەگەڵ هەرسێ وەزیرى پلاندنان و نەوت و دارایی عێراق ئەنجام دەدات."

ئەو ئەندامەى لیژنەى دارایی لەبارەى ئەو کۆبونەوەیەوە وتی: کۆبونەوە لەگەڵ وەزیرى پلاندانان تایبەت دەبێت بە پڕۆژەكانی  وەبەرهێنان لەپارێزگاکانی عێراق، کۆبونەوەش لەگەڵ وەزیرى نەوت بەمەبەستى جێگیرکردنى نرخى نەوتە لە بودجەدا و لەگەڵ وەزیرى داراییش بۆ ئەو ژمارانەیە کە لە بودجەدا چۆن بخەمڵێندرێن.

هەروەک لەبارەى دانیشتنەکانى سبەى پەرلەمانى عێراق لەبارەى بودجەوە وتى: زەحمەتە سبەینێ دانیشتنەکە لەبارەى بودجەوە ئەنجام بدرێت، چونکە هەر ژمارەیەک لەم ژمارانە دەستکارییان بکرێت ئەوا کاریگەرى دروست دەکات و دەبێت دوبارە پرۆژە یاساى بودجە دەستکارى بکرێتەوە بۆیە رەنگە سبەی ئاسان نەبێت بودجە تێبپەڕێت.

ئەوەش لەكاتێكدایە پەرلەمانی عێراق، دوایین دانیشتنی خۆی بۆ پەسەندكردنی بودجە بۆ سبەی شەممە هەڵگرت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×