ئەسیل نوجەیفی: میلیشیاكان لە عێراق زۆر لە كازمی بەهێزترن
  2021-03-27       513       

ئەسیل نوجەیفی، پارێزگاری پێشوتری نەینەوا رایگەیاند، هه‌ڵوێستی میلیشیا چەكدارەكان لە عێراق زۆر له‌ هه‌ڵوێستی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران به‌هێزتره‌ و هێزی راسته‌قینه‌ش له‌ په‌رله‌مان هێزی میلیشیاكانه‌.

ئاوێنە: ئه‌سیل نوجه‌یفی، پارێزگاری پێشوتری نه‌ینه‌وا، بە میدیاكانی پارتی لەباره‌ی دۆخی به‌غدا و نمایشی سەربازی گروپێكی چەكداری، بە میدیاكانی پارتی راگه‌یاند"میلیشیاكان زۆر له‌ كازمی به‌هێزترن و ته‌نانه‌ت گفتوگۆی نیشتمانیشیان ره‌تكرده‌وه‌و دۆخی عێراق له‌ سایه‌ی هه‌ژمونی میلیشیاكان به‌ره‌و داڕوخانه."

نوجه‌یفی، وتی"ھەڵوێستی میلیشیا چەكدارەكان لە بەغدا زۆر بەھێزترە لە ھەڵوێستی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق. میلیشا چەكدارەكان كە ھێزیان لە پەرلەمان ھەیە، دەتوانن لێپێچینەوە لەگەڵ كازمی بكەن و زیاتر كۆنترۆڵی دۆخەكە بكەن، بۆیە ئەمانە چونەتە ناو دامودەزگاكانی عێراق، چەند جارێكیش سەرۆك وەزیرانیان تاقیكردوەتەوە و كازمی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركردون، بەڵام ھێزە ئەمنییەكان نەیانتوانیوە دەستگیریان بكەن، واتا فەرمانی كازمی جێبەجێ نەكراوە."

جەختیكردەوە"میلیشیا چەكدارەكان لە شەقامی عێراق زۆر لە كازمی بەھێزترن، كاتێك كازمی داوای گفتوگۆی نیشتمانی كرد، مەبەستی گفتوگۆكردنە لەگەڵ میلیشیاكان، ئەوان گفتوگۆیان لەگەڵ كازمی رەتكردەوە."

ئه‌سیل نوجه‌یفی، راشیگەیاند"میلیشاكان لە پەرلەمانی عێراق دەتوانن ھەڕەشە لە سەرۆكی پەرلەمان و تەواوی ھێزەكانی دیكەی ناو پەرلەمان بكەن، واتا ھێزی راستەقینە لە پەرلەمان ھێزی میلیشیاكانە."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×