لە عێراق ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا هەڵكشاو 37 توشبوش گیانیان لەدەستدا
  2021-03-29       468       

وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا پێنج هەزارو 837 حاڵەتی نوێی توشبون بە كۆرۆنا تۆماركراون و هاوكات 37 توشبوی ڤایرۆسەكەش گیانیان لەدەستداوە.

ئاوێنە: وەزارەتی تەندروستی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد: لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا، 41 هەزارو 897 پشكنینی كۆرۆنا لەسەرتاسەری وڵات ئەنجامدراون و بەپێی ئەنجامەكان پێنج هەزارو 837 كەسی دیكە توشی كۆرۆنا بون كە 839 توشبویان لە پارێزگاكانی هەرێم تۆماركراون. ئەو ئامارەی توشبون لەچاو دوێنێدا بەرزبۆتەوە.

بەپێی بەیاننامەكە هەر لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا ژمارەی ئەو توشبوانەی لە ڤایرۆسەكە چاكبونەتەوە كەمتر بون لەوانەی توشی كۆرۆنا بون بەشێوەیەك كە چوار هەزارو 500 توشبوی كۆرۆنا چاكبونەتەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە هەر لە ماوەی 24 سەعاتی رابردودا 37 توشبوی ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە كە 10 حاڵەتیان لە پارێزگاكانی هەرێم بون: 6 سلێمانی، 2 هەولێر، 2 دهۆك.

هەروەك ئاماژەی بەوەشداوە كە لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا 10 هەزارو 470 كەس لە عێراق ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرگرتوەو بەوەش كۆی ئەوانەی ڤاكسینەكەیان وەگرتوە لەسەرتاسەری وڵات گەیشتۆتە 29 هەزارو 402 كەس.

وەزارەتی تەندروستی عێراق لە بەیاننامەكەیدا هێمای بۆ ئەوە كردوە كە بە تۆماركردنی ئەم حاڵەتە نوێیانە، كۆی توشبون بە كۆرۆنا گەیشتۆتە 838 هەزار و 265 كەس و لەوانە 14 هەزارو 249 كەسیان گیانیان لەدەستداوەو 750 هەزارو 435 كەسیان چاكبونەتەوەو 73 هەزارو 581 كەسیشیان لەژێر چارەسەردان كە لەوانە 508 توشبویان لەژێر چاودێری چڕدان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×