حەشدى شەعبی: زانیاریمان نییە لە چ ئاراستەیەکەوە هێرشە موشەکییەکەى سەر پێشمەرگە ئەنجامدراوە
  2021-03-30       520       

وتەبێژى میحوەرى باکورى حەشدى
   شەعبی  ىرایگەیاند، زانیاریمان نییە لە چ ئاراستەیەکەوە هێرشە موشەکییەکەى سەر هێزەکانى پێشمەرگە ئەنجامدراوە.  


عەلى حسەینى، وتەبێژى میحوەرى باکورى حەشدى شەعبى بە (شەفەق نیوز)ى راگەیاندووە "تائێستا هیچ زانیارییەکمان لەبارەى راستى هێرشکردنە سەر هێزەکانى پێشمەرگە لە سنورى کەرکوک-هەولێر بە موشەک نییە، ناشزانین لە چ ئاراستەیەکەوە هێرشەکان ئەنجامدراوون.  

وتیشى، هێزەکانى حەشدى شەعبى لەو میحوەرەى هێزەکانى پێشمەرگەوە دوورن و هیچ پڕۆسەیەکى هاویشتنى موشەک و هاوەنى ئەنجام نەداوە.  

وتەبێژەکەى حەشدى شەعبى بەدوورى نەزانى هێرشەکە لە ناوچە کێشە لەسەرەکان و ئەو ناوچانەى لەژێر دەسەڵاتى سوپاى عێراق و هێزەکانى پێشمەرگەدان ئەنجامدرابێت.  

رونیشیکردەوە، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ دەستنیشانکردنى شوێنى هاویشتنى موشەکەکان.  

شەوى رابردوو سێ موشەک ئاڕاستەی بازگەی شێراوە لەنێوان هەولێر و مەخمور کرا کە هێزەکانی پێشمەرگەی تێدایە، تائێستا هیچ زیانێکی گیانی لەو هێرشەدا تۆمار نەکراوە.   

نوری حەمە عەلی، بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکوکی پێشمەرگە تایبەت بە "ناس کورد"ی ڕایگەیاند، تەنها ئەو سێ موشەکە بووە و "لەئێستادا هیچ تەقەیەک نییە."   

وتیشی، "هیچ زیانێکی گیانیمان نییە، لەئێستادا لێکۆڵینەوە لە دۆخەکە دەکەین بۆ ئەوەى بزانین لەکوێوە هاتووە و کێ بەرپرسیارە لێی."     

دوابەدواى هێرشەکە وەزارەتى پێشمەرگە راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە سنوری چالاکییەکانی لیوای 10ی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لە میحوەری پردێ-دبز و لە نزیک گوندی نەبی ئاوا، چەند موشەکێک ئاڕاستەی پێگەکانی پێشمەرگە کراون."   

وەزارەتەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، "بەڵام پێشمەرگە و پێگەکانی پێشمەرگە بێ زیان بوون."   

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×