بەرپرسێكی نەوت لەكاتی بەرتیل وەرگرتندا دەستگیر كرا
  2021-03-30       1195       

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، بەرپرسێکی کۆمپانیای نەوتی زیقار لە کاتی وەرگرتنی بەرتیل دەستگیرکرا و دواتر ڕاپێچی دادگا كرا.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ سێشەممە، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە راگەیێندراوێکیدا رایگەیاند: "بە فەرمان و سەرپەرشتیی عەبدولغەنی ئەسەدی، پارێزگاری زیقار، تیمێکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی دوای بەدەستهێنانی فەرمانی دادگە بەرپرسێکی باڵای کۆمپانیای نەوتی زیقار و شۆفێرەکەی لە کاتی وەرگرتنی بەرتیل لە پارێزگاکە دەستگیرکرد".

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق راشیگەیاند: "لە کاتی دەستگیرکردنی بەرپرسەکەی کۆمپانیای نەوتی زیقار و شۆفێرەکەی، 100 هەزار دۆلاریان پێبوو، لەگەڵ کۆمەڵێک نووسراو و مۆری فەرمی، کە دەستبەسەر هەموویاندا گیرا، دواتر هەردوو دەستگیرکراوەکە دانپێدانیان تۆمارکرا و رادەستی دادگا کران".

خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دژی گەندەڵی و خراپیی خزمەتگوزاری و لایەنە سیاسییەکان خەڵكی زیقاری هەراسان كردووە، هەروەها لە 26ـی شوباتی 2021 دا نازم وائیلی، پارێزگاری زیقار دەستلەکارکێشانەوەی راگەیاند و مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق عەبدولغەنی ئەسەدی، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی بۆ راپەڕاندنی ئەرکی پارێزگاری زیقار راسپارد، هەر ئەوکات ئەسەدی بەڵێنیدا گەندەڵی لە زیقار نەهێڵێ.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×