سەرۆکی پەرلەمان: تا ئێستا برۆژە یاسایی بودجەی ھەرێم نەگەیشتوە پەرلەمان
  2021-03-31       297       
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئەوانی وتوە کە رەنگە لە ناوەڕاستی مانگی ئازار پڕۆژە یاسای بودجە بگاتە پەرلەمان، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوە، بۆ ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان گرنگە لە دوای نزیکەی هەشت ساڵ پڕۆژە یاسای بودجە پەسەندبکرێت، چونکە بەراستی خەرجکردنی پارە و کۆکردنەوەی داهات و دابینکردنی پارە بۆ سێکتەرە جیاوازەکان بەبێ ئەوەی لە پڕۆژە یاسای بودجەدا ئاماژەی پێبکرێت، بەتەواوەتی "نادەستوری و نایاساییە".

ئاوێنە: د. رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "بۆمان گرنگە لەم وەرزەدا هەندێک یاسا دەربکەین، چونکە کە چوار ساڵەکە تەواو دەبێت یەکێک لەو پێوەرانەی کە پەرلەمانی پێ هەڵدەسەنگێنرێت ئەوەیە کە چەند یاسای دەرکردوەو توانیویەتی چەند بۆشایی یاسایی پڕبکاتەوە کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، هەرچەندە ئێستا بەراورد بە خولەکانی دیکەی پەرلەمان بۆشاییە یاساییەکان کەمتر بونەتەوە چونکە بەشێکی زۆریان چارەسەر کراون، رەنگە پێویستیان بە هەموکراکردن بێت".


لەبارەی پڕۆژە یاسای بودجە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان چاوەڕوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، "ئەوان بە ئێمەیان وت رەنگە لە ناوەڕاستی مانگی ئازار بگات، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوە، بۆ ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان گرنگە لە دوای نزیکەی هەشت ساڵ پڕۆژە یاسای بودجە پەسەندبکرێت، چونکە بەراستی خەرجکردنی پارە و کۆکردنەوەی داهات و دابینکردنی پارە بۆ سێکتەرە جیاوازەکان بەبێ ئەوەی لە پڕۆژە یاسای بودجەدا ئاماژەی پێبکرێت، بەتەواوەتی نادەستوری و نایاساییە".

د. رێواز فایەق ئەوەشی خستەڕو، هەرێمی کوردستان لە خراپترین قۆناغەکانی خۆیدا پڕۆژە یاسای بودجەی هەبوە، ئێستا "هیچ مەنتقی تیادا نیە پڕۆژە یاسای بودجەی نەبێت".

دەستوری بابەتێکی زۆر گرنگە، بەڵام پێویستی بە کۆدەنگیە، پەیوەستە بە بونی پەیوەندیەکی تەندروست و متمانە لە نێوان هێزە سیاسیەکانی کوردستان
لەبارەی دەستوری هەرێمی کوردستانیشەوە، سەرۆکی پەرلەمان رونیکردەوە، "دەستوری بابەتێکی زۆر گرنگە، بەڵام پێویستی بە کۆدەنگیە، پەیوەستە بە بونی پەیوەندیەکی تەندروست و متمانە لە نێوان هێزە سیاسیەکانی کوردستان، ئەوەی ئێستا خەڵک و ئێمە دەیبینین ئەو جۆرە پەیوەندیە سیاسیە تەندروستە بونی نیە".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×