پەرلەمانی عێراق دەستی بە دانیشتنی دەنگدان لەسەر بودجە كرد
  2021-03-31       828       

كەمێك لەمەوبەر پەرلەمانی عێراق دەستی بە دانیشتنی دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 كرد.

ئاوێنە: بەپێی ئاژانسی رەسمی هەواڵی عێراق، كەمێك لەمەوبەر دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بەسەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی بۆ دەنگدان لەسەر بودجە دەستی پێكردوە.

بەگوێرەی میدیا عێراقییەكان لە ئێستادا دەستكراوە بە دەنگدان لەسەر ماددەكانی پڕۆژە یاسای بودجە.

بەپێی دوایین رێككەوتنی هەرێم و بەغدا لەسەر پشكی هەرێم كە لە پڕۆژە یاساكەدا هاتوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت بە بەرهەمهێنانی لانیكەم 460 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەو لەو بڕەش خەرجییەکانى بەرهەمهێنان و گواستنەوە و بەگەڕخستن جیادەكرێتەوە لەگەڵ بڕى بەکارهێنراو بۆ ناوخۆ، هەروەها بڕى تەرخانکراو بۆ پترۆدۆلار بەجۆرێک بڕى داهاتى رادەستکراو لە فرۆشى 250 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە کەمتر نەبێت بە نرخى سۆمۆ.

هەر بەپێی ماددەكە حکومەتى هەرێم پابەنددەبێت بە رادەستکردنى داهاتى نانەوتى بەبەغدا بەپێی یاساى کارگێڕى فیدراڵى دارایی و قەرزەکانى بانکى بازرگانى عێراقىش كە لەئەستۆی هەرێمن پاکتاو دەکرێن، وەزارەتى دارایی ئەو قەرزانە دەکاتە خشتەیەکى مانگانە.

هەر بەگوێرەی ماددەكە حکومەتى فیدراڵ پابەند دەبێت بە رادەستکردنى شایستە داراییەکانى حکومەتى هەرێم پاش ئەوەى هەرێم بڕگەکانى دیکە جێبەجێ دەکات.

هەر بەپێی ماددەکە، حکومەتى هەرێم پابەندە بە خەرجکردنى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم لەو بڕە پارەیەى بۆى تەرخانکراوە بەر لەهەر خەرجییەکى تر. 





زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×