لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا لەهەرێم بڕیاریدا بە داخستنی سەرجەم مزگەوتەكان
  2021-03-31       708       

لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا لە هەرێم، ئەمڕۆ چوارشەممە، بڕیاریدا بە داخستنی سەرجەم مزگەوت و شوێنە ئایینییەكانی تر لە سبەی پێنجشەممەوە تاكو رۆژی 10ی 4ی 2021 و دەشڵێت: ڕێگە بەھیچ بۆنەو کۆبونەوەیەکی ئایینی وکۆمەڵایەتی لە ناوەو دەرەوەی ئەم شوێنانە نادرێت.

ئاوێنە: وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كەمێك لەمەوبەر راگەیەندراوێكی لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنای بڵاوكردەوە كە تێیدا هاتوە"بڕیار درا سەرجەم شوێنە ئایینییەکان لە (مزگەوت و تەکیەو کلێساو پەرستگا و هەمو شوێنە ئایینییەکانی تر) لە ڕۆژی پێنجشەممە (٢٠٢١/٤/١) تاوەکو ڕۆژی شەممە (٢٠٢١/٤/١٠) پێش ھاتنی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز دابخرێن."

جەختیشی كردۆتەوە كە "رێگە بەھیچ بۆنە و کۆبونەوەیەکی ئایینی و کۆمەڵایەتی لە ناوەوەو دەرەوەی ئەم شوێنانە نادرێت."

بەپێی راگەیەندراوەكە، بڕیارەكە لەبەر زیادبونی ڕێژەی توشبون و مردن بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە هەرێمی کوردستان و لەپێناو بەرژەوەندی و سەلامەتی و پاراستنی گیانی ھاوڵاتیان، دراوە.

دەقی راگەیەندراوەكە...

سەرجەم شوێنە ئاینیەکان لە (مزگەوت و تەکیە و کلێسا و پەرستگا و هەمو شوێنە ئاینیەکانی تر) لە ڕۆژی پێنجشەممە(٢٠٢١/٤/١) تاوەکو ڕۆژی شەممە (٢٠٢١/٤/١٠) پێش ھاتنی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز دابخرێن و ڕێگە بەھیچ بۆنە و کۆبونەوەیەکی ئایینی و کۆمەڵایەتی لە ناوەوەو دەرەوەی ئەم شوێنانە نادرێت، ھاوشێوەی ناوەندەکانی خوێندن و شوێنەکانی تر کە ماوەی زیاتر لە سێ ھەفتەیە داخراون، داوا لەمامۆستایانی بەڕێزی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و نوێژخوێنان و ئایینەکانی تر دەکەین، لەپێناو پاراستنی تەندروستی و گیانی ھاوڵاتیانی ئازیز بە ئەرکی خۆیان ھەڵسن.

لێژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا
 ٣١ ئازار ٢٠٢١


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×