لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمان سەردانی سزادراوانی بادینان دەکات
  2021-04-01       334       

 

لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان سەردانی سزادراوانی بادینانیان کرد و رایانگەیاند، سزادراوان کێشەی شوێنی مانەوە و پێداویستی پزیشکیان هەبوە، جەختیش دەکاتەوە هیچ نیشانەیەکی "ئەشکەنجەدان"یان لەسەر سزادران تۆمارنەکردوە  و هەموان چاوەڕوانی بڕیاری دادگای پێداچونەوە دەکەن لەسەر دۆسییەکەیان.

ئاوێنه‌:  رومیۆ هەکاری، سه‌رۆكى لیژنه‌ی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، سەردانی سزادراوانی بادینانیان کردوە و ئەو شوێنەی ئەوان سەردانیانکرد خەڵکی زۆری تێدابوە، سزادراوان رەخنەیان لەشوێنی زیندانیکردنیان هەبوە و "بەهۆی قەرەباڵغی زیندانەکە توشی هەستیاری (حەساسیەت) بون، هەروها پێویستیان بە چارەسەری پزیشکی هەبوە بۆیە داومانکردوە لە وەزارەتی تەندروستی پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکەن".

ئاماژه‌ی بەوەشکرد، سەردانەکەیان لەسەر خواستی خێزان و کەس و کاری سزادراوان بوە و سزادراوانیش ناڕازی بون لەبڕیاری دادگا بەرامبەریان، بۆیە "ئومێدمان هەیە دادگای پێداچونەوەی هەرێمی کوردستان لەبەرژەوەندی راستی (حەق) بڕیار لەسەر ئەو دۆسیەیە بدات".

رۆژی 16ی شوبات دادگای تاوانه‌كانی دوی هه‌ولێر بڕیاریدا به‌شه‌ش ساڵ زیندانیكردن بۆ پێنج چالاکوان و رۆژنامەنوسی سنوری بادینان بەتۆمەتی (کۆکردنەوەی زانیاری قەدەغەکراو، کارکردن بۆ گروپی چەکداری و پێدانی زانیاری بە لایەنی دەرەکی، بەمەبەستی تێکدانی ئاسایشی کوردستان).

ئەو رۆژنامەنوس و چالاکوانانەی بڕیارەکەیان بۆ دەرچوە بریتین لە  (شێروان شێروانی، ئه‌یاد كه‌ره‌م، گوهدار محه‌مه‌د ئه‌مین، شڤان سه‌عید و هاریوان عیسا)،  بەوتەی ئاسۆ ئاشم پارێزەری دەستگیرکراوەکان و ئەو پەرلەمانتار و چالاکوانانەی ئامادەی دانیشتنەگەی دادگا بون راگیراوەکان سەرجەم تۆمەتەکانیان رەتکردوەتەوە و دانیان بەهیچ شتێکدا نەناوە کە تاوان بێت و ھیچ بەڵگەیەکی سەلمێنەر نەبوە تاوانباریان بکات، لەئەنجامیشدا دادوەر شەش ساڵ حوکمیداون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×