ئەمریكا: پەسەندكردنی بودجە دەبێتە هۆی پەیوەندییەكی باشتر لەنێوان هەولێرو بەغدا
  2021-04-01       355       

كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر، پیرۆزبایی لە هەردو حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات بەبۆنەی گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر یاسای بودجەو دەشڵێت، پەسەندكردنی بودجە دەبێتە هۆی پەیوەندییەكی باشتر لەنێوان هەولێرو بەغدا.

ئاوێنە: كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، پیرۆزبایی لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بە بۆنەی گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر یاسای بوجەی فیدڕاڵی  بۆ ساڵی ٢٠٢١.

ئەوەشی خستۆتەڕو، هەروەها پیرۆزبایی لە تیمی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران سەرکردایەتی دەکرد.

هەروەها وتوشیەتی"هیوامان بەوەیە كە تێپەڕینی ئەم پڕۆژە یاسایە دەبێتە هۆی پەیوەندییەکی باشتر لە نێوان هەولێر و بەغداو ئابورییەکی جێگیرتر بۆ وڵات."

هەوكات باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"خۆشحاڵین بەوەی عێراق بودجەی 2021ی پەسەندكرد، ئێستا دەتوانێت هەنگاو بنێت بۆ جێبەجێكردنی چاكسازییە ئابورییەكان كە دەبنە مایەی بەدیهێنانی پێشكەوتن و ئاسایشی زیاتر."

باڵیۆزخانەی ئەمریكا جەختیشی كردۆتەوە كە واشنتۆن خوازیاری بەردەوامیدانە بە شەراكەتی لەگەڵ حكومەت و گەلی عێراق.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×