بابەكر زێباری: عێراق هەماهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە نەكات بەرەو وێرانبون دەچێت
  2021-04-01       247       

بابەكر زێباری، راوێژكاری سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بۆ كاروباری سەربازی رایگەیاند، داعش بەشێوەیەكی مەترسیدار جموجۆڵیان زیادی كردوە و ھاوپەیمانانیش ھەستیان بەو مەترسییە كردوە و ماوەی 10 رۆژە بەردەوام مۆڵگەكانی داعش بۆردومان دەكەن، ئەوان دەزانن ئەگەر عێراق چارەی ئەو دۆخە نەكات و ھەماھەنگی لەگەڵ پێشمەرگە نەكات، دۆخەكە خراپ دەبێت و عێراق بەرەو وێرانبون دەچێت.

ئاوێنە: بابەكر زێباری، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە میدیای رەسمی حزبەكەی وتوە "راستە لە ئێستادا داعش وەكو پێشتری لێ نەھاتوەتەوە، بەڵام ئەگەر رێگرییان لێ نەكرێت و بەو شێوەیە جموجۆڵیان لە زیادبوندا بێت و كردەوە ئەنجام بدەن، وەك پێشویان لێ دێتەوە، چونكە لە دیالە و كەركوك و سەڵاحەددین و ئەنبار، خەڵكێكی زۆر گەیشتونەتە داعش و ژمارەیان زۆر زیادی كردوە، كە بە رۆژ خەڵكی ئاسایین و بە شەو داعشن، ئەوانیش زیاتر لەو ناوچانە خۆیان رێكدەخەنەوە، كە بۆشایی ئەمنی هەیە."

زێباری وتیشی"داعش بە شێوەیەكی مەترسیدار سەریھەڵداتەوە و ھاوپەیمانانیش ھەستیان بەو مەترسییە كردوە و لە ھەفتەی ڕابردوەوە بەردەوام مۆڵگەكانی داعش بۆردومان دەكەن، چونكە ئەوان باش ھەست بە مەترسی دەكەن و دەزانن داعش جموجۆڵ و كردەوەكانی لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق زیادی كردوە."

ناوبراو باسی لەوەش كرد"ھاوپەیمانان زانیاریی تەواویان لەسەر جموجۆڵی داعش ھەیە و ھەست بەو مەترسییە دەكەن، بۆیە دەیانەوێت ھەرێم و بەغدا رێككەوتن بكەن و پابەندی رێككەوتن بن، بۆ ئەوەی لەو ناوچانە ھەماھەنگییان ھەبێت."

راوێژكاری سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بۆ كاروباری سەربازی رونیشی كردەوە"ھاوپەیمانان ھاوكارن بۆ ئەوەی ھەرێم و بەغدا لە بواری سەربازیدا بگەنە رێككەوتن، بەڵام ناتوانن لەسەریان فەرز بكەن و حكومەتی عێراقیش یەكدەنگ نییە و چەندین ڕای جیاوازن، بۆیە تائێستا پابەندی رێككەوتنەكان نابن لەگەڵ ھەرێمی كوردستان، كە بێگومان ئەگەر عێراق سەركردایەتییەكی یەكگرتوی نەبێت و چەك تەنھا لە دەست خۆی بێت و لەگەڵ پێشمەرگە ھەماھەنگی نەكات بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ناوچەكان، عێراق وێران دەبێت و دۆخەكە زۆر خراپ دەبێت، بۆیە پێویستە پەلە بكرێت لە رێككەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا."

ئەوەشی خستەڕو"ئەگەر داعش بەو شێوەیە لە كاری خۆی بەردەوام بێت، ھاوشێوەی ڕابردوی لێ دێتەوە، بەڵام جارێ دەرفەت ماوە رێگریی لێ بكرێت."


زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×