فازڵ نەبی بڕی ئەو پارەیە ئاشكرادەكا كە مانگانە بەغدا بۆ هەرێمی دەنێرێت
  2021-04-02       1519       

فازڵ نەبی، بریکاری پێشوتری وەزارەتی دارایی عێراق بە دوری دەزانێت پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە بکرێتە 13.9% و دەشڵێت، ئەگەر پشکی هەرێمی کوردستان 12.67% بێت مانگانە 90 ملیار دیناری بۆ دەمێنێتەوە كە لەلایەن بەغداوە رەوانە بكرێت.

ئاوێنە: فازڵ نەبی، بریکاری پێشوتری وەزارەتی دارایی عێراق، لەبارەی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بودجە و میکانیزمی جێبەجێکردنی، بە روداوی رایگەیاند "دەبێت پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە بەتەواوەتی دیاری بکرێت، ئەگەر پشکی هەرێمی کوردستان 12.67% بێت، نزیکەی 9.5 ترلیۆن دینار دەبێت، قسەیەک هەیە بکرێتە 13.9%، من لەو بڕوایەدا نیم بکرێتە 13.9%، هیوادارم ئەمە راست بێت، چونکە دەقێکی یاسایی نییە کە بڵێت 13.9%. لە نەفەقاتی حاکیمەشدا پشکی هەرێمی کوردستان 12.67%ـە."

بەوتەی فازڵ نەبی ئەگەر پشکی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای 12.67%ی بودجە دیاریبکرێت "بەشی هەرێمی کوردستان، ئەوەی دیاریکراوە، 9.5 تریلیۆن دینارە، ئەگەر ئەو بڕە پارەیە دابەشبکرێت بەسەر 12 مانگدا، مانگانە دەکاتە نزیکەی 791 ملیار دینار، کەواتە هەرێمی کوردستان مانگانە لە بودجەدا حەقی ئەوەی هەیە 791 ملیار دینار وەربگرێت. لەو 791 ملیار دینار مانگانەی کە دانراوە، پاش مەقاسە، واتە رادەستی نەوت و داهاتی نانەوتی، بڕی 90 ملیار دینارێک بۆ هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە."

فازڵ نەبی ئاماژەی بەوەش کرد"ئەگەر پشکی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای رێژەی 13.9%ی بودجە بنێردرێت، ئەوکاتە نزیکەی تریلیۆنێک دینار بۆ هەرێمی کوردستان زیاد دەبێت، واتە مانگانە نزیکەی 160 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دێت، بەڵام لە هەردو حاڵەت دەبێت هەندێک واقیعی بین لە شرۆڤەکەمان، دیسان تەئکید لەوە دەکەمەوە کە ستەمێکی یەکجار گەورە لە هەرێمی کوردستان کراوە."

بریکاری پێشوتری وەزارەتی دارایی عێراق باس لە خاڵە ئەرێنییەکانی لە بودجە و پشکی هەرێمی کوردستان كردو وتی "خاڵی گرنگ ئەوەیە موچەخۆران دڵنیابن لەوەی موچەکانیان پشتیوان بە خودا لەمەودوا بەتەواوی پێدەدرێت، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە کە دەبێت موچەخۆران بەلایەنی کەمەوە لەوە دڵنیابن مانگانە دەدرێت، چونکە ئەو گەرەنتییەی ئێستا لە بودجەی بەغدا هەیە، بەڵێ بێ لێبڕین، ئەو گەرەنتییە هەیە لە بەغدا کە وەکو جارانی لێنایەتەوە ئەگەر هەردولا پابەندبن، بەپێی زانیاریی تەواوەتیی من هەردولاش پابەند دەبن. بۆیە لەمەودوا گەرەنتی بەردەوامی پێدانی موچە هەیە."

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×