ڕێباز حەملان: بەپێی یاسای بودجە دەبێ به‌غدا بودجەی سێ مانگ بۆ هەرێم بنێرێ
  2021-04-02       1075       
ڕێباز حەملان

ڕێباز حەملان جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ بەپێی یاسای بودجەی‌ عێراق، پێویسته‌ به‌غدا بودجەی سێ مانگی‌ سه‌ره‌تای‌ ئه‌مساڵ بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێ. ناوبراو ده‌ڵێت، بەپێی ڕێکكەوتنی هه‌ولێرو به‌غدا، حكومه‌تی‌ فیدراڵی‌ مانگانه‌  تریلیۆنێک دینار بۆ هەرێمی کوردستان ده‌نێرێت.

ئاوێنه‌: ڕێباز حەملان یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری ئه‌نجومه‌نی باڵای وه‌به‌رهێنان‌و ئه‌نجومه‌نی گشتیی ڕاژه‌ بەمیدیاكانی‌ پارتی‌ ڕاگەیاندووه‌، "ئێمە چاوەڕوانی ڕێکارەکانی وەزارەتی دارایی عێراق دەکەین بزانین کەی‌و چۆن بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دەنێردرێ، بەپێی یاسای بودجە بێت دەبێ لە 1ی1ی2021وە جێبەجێ بکرێ‌و بودجەی سێ مانگ بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێ، لەچەند ڕۆژی داهاتودا ئەو بابەتانە ڕون دەبێتەوە".

ناوبراو راشیگه‌یاندووه‌، دابه‌شكردنی‌ موچەی فەرمانبەرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان 30 ڕۆژ جارێک بەردەوام دەبێت.

ڕێباز حەملان ڕونیده‌كاته‌وه‌، بەپێی ئەو ڕێکكەوتنەی له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غدا کراوە، بەدەرهێنانی خەرجی‌و نەفەقات، مانگانە تریلیۆنێک یان کەمتر بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت، ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ش مانگانە بەپێی داهات دەگۆڕێت، بودجەی هەرێمی کوردستانیش لەسەر ئەو بنەمایە دادەندرێ بۆ موچەو خەرجی‌و پڕۆژەکان".

له‌باره‌ی‌ ئاماده‌كارییه‌كانی‌ پرۆژه‌یاسای‌ بودجه‌ی‌ 2021ی‌ هه‌رێم، یاریده‌ده‌ره‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌ڵێت، "دوای پەسه‌ندکردنی بودجەی عێراق، ڕێکارەکانی تەواوکردنی بودجەی هەرێمی کوردستانیش تەواو دەکرێ، لەوەزارەتی دارایی دەنێردرێ بۆ ئەنجومەنی وەزیران‌و پاش پەسه‌ندکردنی دەنێردرێتە پەرلەمانی کوردستان بۆ پەسەندکردنی".

ئاماژەی بەوەشداوه‌ كه‌ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بابەتەکانی تایبەت بەداهات‌و قەرزو خەرجی نەوتی تەواو کردووەو دەخرێتە ناو بودجە.

سەبارەت بەپرسی دامەزراندن لەناو بودجەی 2021ی هەرێمی کوردستان، ڕێباز حەملان وتویه‌تی‌، "پێشینەی دامەزراندن لەبودجەدا بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست دەبێت، بەگشتی دامەزراندن بابەتێکە بەپێی پێداویستی‌و هەبونی میلاک دەبێت".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×