پۆلیسی كۆنگرێس: هێرشبەرەكەی سەر كۆنگرێس لایەنگری رێكخراوی "ئومەتی ئیسلام" بوە
  2021-04-03       476       

پۆلیسی كۆنگرێسی ئەمریكا ئاشكرایكرد، هەژماری فەیسبوكی ئەو كەسەی دوێنێ هێرشی كردە سەر كۆنگرێس دەریدەخات كە لایەنگری رابەری رێكخراوی "ئومەتی ئیسلام" بوە.

ئاوێنە: یۆگاناندا پیتمان، سەرۆكی پۆلیسی كۆنگرێس رایگەیاند، نوح گرین کە هێرشکارەکەی سەر کۆنگرێسە لە فەیسبوکەکەیدا نوسیویەتی کە ئەو لایەنگری سەرسەختی لویس فاراخان، رابەری رێکخراوی ئومەتی ئیسلام بوە.

رێکخراوی ئومەتی ئیسلام لە ساڵی 1930 لە دیترۆیتی ئەمریکا لەسەر دەستی "واڵس فارد محەمەد" دامەزراوە و بانگەواز بۆ ئیسلام لە ئەمریکا دەکات و زیاتر تیشک دەخاتە سەر رەشپێستەکانی ئەو وڵاتە.

یۆگاناندا پیتمان راشیگەیاند، نۆح گرین تاوەکو ئێستا لە ئەرشیڤی پۆلیسی کۆنگرێس پێشینەی تاوانی نییەو نەناسراوە.

رێکخراوی ئومەتی ئیسلام ژمارەی ئەندامانی سەروی 50 هەزار کەس دەبن. بارەگا سەرەکییەکەی لە مزگەوتی مەریەم یان محەمەد 2ـە لە شیکاگۆ. بەشی پاراستنەکەی ناوی بەروبومی ئیسلامە و پیاوان و ژنان لەخۆ دەگرێت. ئەوان بەرپرسن لە پاراستنی بارەگاکانیان لە سەرتاسەری ئەمریکا.

پاشنیوەڕۆی دوێنێ هەینی 2-4-2021 بە کاتی واشنتن دی سیی پایتەختی ئەمریکا، کەسێک بە ئۆتۆمبێلەوە خۆی کرد بە نێو پۆلیسی پاسەوانانی باڵەخانەی کۆنگرێسدا، لە ئەنجامدا پۆلیسێک کوژرا و یەکێکی دیکەش برینداربو، شۆفێرەکەش دوای بریندارکردنی و دەستگیرکردنی لەلایەن پۆلیسەوە، گیانی لەدەستدا.

پۆلیسی کۆنگرێس دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئۆتۆمبێلەکە پەرژینی ئەمنیی باڵەخانەی کۆنگرێسی بڕیوە و خۆی بە دو ئەفسەری پۆلیسدا کێشاوە، دواتر هێرشکارەکە بە چەقۆیەکەوە لە ئۆتۆمبێلەکەی دابەزیوە و هەوڵیداوە پەلاماری هێزەکانی پۆلیس بدات، بەڵام تەقەی لێکراوە و کوژراوە.

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×