دوو مانگە که‌سوکارەکەی ئاگایان لە ڕۆژنامەنووس قارەمان شوکری نییە
  2021-04-03       867       

زیاتر لە دوو مانگە ڕۆژنامەنووس قارەمان شوکری, لە ناوچەی بادینان دەستگیرکراوە و تا ئێستاش کەسوکارەکەی زانیارییان لەبارەی بارودۆخ و شوێنی زیندانییکردنییەوە نییە.

ئاوێنه‌: زێرەڤان شوکری، برای ڕۆژنامەنووس قارەمان شوکری,  ڕاگەیاند: تاوەکو ئێستا قارەمان نە پەیوەندیی تەلەفۆنیی پێوەکردووین، نە دەزانین بارودۆخی چۆنە، تەنانەت ناشزانین لەکوێ زیندانیی کراوە.

لەبارەی ئەوەی ئایا پارێزەرانی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کردووە، زێرەڤان, وتی: چەند جارێک داوامان لە پارێزەرەکان کردووە هەوڵی بینینی بدەن، بەڵام ئەوان دەڵێن پێویستە سەرەتا بزانین لەکوێ زیندانیی کراوە بۆ ئەوەی لەوێوە داوای بینینی بکەین.

قارەمان شکوری زەینەدین پیشەی وێنەگر و ڕۆژنامەنووسە و دانیشتووی کۆمەڵگەی سیرێ-یە لە سنووری شیلادزێ، ڕۆژی ٢٧ی ١ی ٢٠٢١ لەلایەن هێزێکی ئەمنیی دەمامکدارەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەستگیرکرا.

پێشتریش دوو جاری دیکە قارەمان شوکری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سنووری دهۆکەوە دەستگیرکراوە، کە کۆتاجار زیاتر لە پێنج مانگ زیندانیی کرا، دوای سەربەست بوونیشی قارەمان بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: نە بەبڕیاری دادوەر دەستبەسەر کراوم و نە بەبڕیاری دادوەریش ئازادکراوم.

 

ڕۆژنیوز


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×