وتەبێژی تەندروستیی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، لە دۆخی كۆرۆنادا لە قۆناغێكی مەترسیدارداین و ژمارەكان بەرەو زیادبوونە، دەشڵێت، ئەمڕۆ گەورەترین ژمارەی توشبوون تۆماركراوە.
ئاوێنه: ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم ئەمڕۆ یەكشەممە 4ی نیسان سەبارەت بە دۆخی كۆرۆنا لە هەرێم بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، لە قۆناغێكی مەترسیدارداین و ژمارەكان وردە وردە بەرەو زیادبوون دەڕوات.
وتیشی، “ئەمڕۆ گەورەترین تۆماركراومان هەیە، بەراود بە سەرەتای شەپۆلی دووەم، ژمارەكانیش بەرەو بەرزبوونەوەی زیاتر دەچێت”.
ئاسۆ حەوێزی داواشیكرد هەمووان پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەكان بن و وتی، “ئێستا پێویستمان بە هەموو لایەكە، بەتایبەت هاونیشتیمانیان لە پابەندبوون بە ڕێنماییەكانی تەندروستی”.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕونیشیكردەوە، ئەمڕۆ ڕێژەی توشبوون زۆر بەرزە، بەهەمان شێوە ژمارەی مردنیش بەرزە.