فراكسیۆنی یه‌كگرتوو له‌سه‌ر به‌رده‌وامیدان به‌ لێبڕینی مووچه‌ هۆشداری ده‌دات
  2021-04-06       416       
فراكسیۆنی یه‌كگرتوو به‌یاننامه‌یه‌ك له‌سه‌ر به‌رده‌وامیدانی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ لێبرینهی موچه‌ بڵاوده‌كاته‌وه رایدەگەیەنێت "حكومه‌تی هه‌رێم مانگانە زیاتر لە 450 ملیۆن دۆلاری لە داھاتی نەوت وگاز ده‌ست ده‌كه‌وێت".

ئاوێنە: فراكسیۆنی یه‌كگرتوو ئاماژە بەوەش دەكات داھاتی ناوخۆی ھەرێم گەیشتۆتە سەروو 250 ملیۆن دۆلار ،كۆی داهاتی هه‌رێم حكومه‌تی هه‌رێم مانگانه‌ گه‌یشتۆته‌ سه‌رو یه‌ك ترلیۆن دینار.

فراكسیۆنی یه‌كگرتوو راشیدەگەیەنێت :هەموو فشارێكیش دەگرینە بەر بۆ نه‌هێشتنی لێبڕینی موچه‌ .

‌ ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌/

دوای ئەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەنایاسایی لێبرینی برێك لە مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستانی ئەنجامدا وەك یەکێك لەدەرھاویشتە خراپەکانی ئابووری شکست خواردووی سەربەخۆ ورێکارێکی چەوسێنەر بۆ ستەملێکراوترین چینی کۆمەڵگە. ئێستا ھیچ بیانوویەك نەماوە بۆ لێبرینی مووچە بەتایبەت کاتێك نرخی بەرمێلێك نەوت گەیشتۆتە سەروو شەست دۆلاری ئەمریکی و حکومەتی ھەرێمی کوردستان مانگانە زیاتر لە 450 ملیۆن دۆلاری لە داھاتی نەوت وگاز بۆ دهەمێنێتەوە وداھاتی ناوخۆی ھەرێمیش گەیشتۆتە سەروو 250 ملیۆن دۆلار کە دەکاتە زیاتر لە ترلیۆنێك دینار مانگانە لە کاتێکدا کۆی گشتی پێدانی مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی ھەرێم زیاتر نیە لە 882 ملیار دینار مانگانە به‌پێی زانیاریه‌ ووردبینی نەکراوەکانی وەزارەتی داراییشەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کەلەیاسای بودجەی عیراقی ئەمساڵ، لە مادەی (11) دا بەروونی ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ كه‌ دەبێت حکومەتی ھەرێمی کوردستان خەرجکردنی تەواوی مووچەی مووچەخۆرە یاساییەکانی لەپێشینەی خەرجیەکانی تر بێت لەو داھاتەی که‌ له‌ یاسای بودجەی عیراق بەری دەکەوێت. بۆیە ئێمە لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ھیچ پاساوێك نابینین بۆ بەردەوامی دان لەسەر تاوانی لێبرینی ھەر بڕێك لە مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان، هەموو فشارێكیش دەگرینە بەر لەگەڵ ھاوھەڵوێستەکانمان بۆ رێگریکردن لەم ستەمە.

فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان

6-4-2021
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×