ئەمریكا سزای نوێی بەسەر توركیادا سەپاند
  2021-04-06       779       
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڕیاریدا سزا بەسەر كەرتی پیشەسازیی بەرگری تورکیا (SSB) دا بسەپێنێت، بەهۆی كڕینی سیستمی موشەكی بەرگری S400 لە روسیا.

ئاوێنە: بەپێی راسپاردەیەک کە لە تۆماری فیدڕاڵی ئەمریکادا بڵاوکراوەتەوە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەیشتوەتە ئەو ئەنجامەی کە دەسەڵاتی پیشەسازی بەرگری تورکیا "مامەڵەیەکی گەورەی" لەگەڵ لایەنی روسیادا کردوە بۆ کڕینی سیستمی موشەكی بەرگری S400.

بەپێی ئەو راسپاردەیە، سزاكان دەستەی پیشەسازی سەربازیی توركیا و ئیسماعیل دەمیر سەرۆكی دەزگاكەی گرتوەتەوە، هاوکات سێ لێپرسراوی دیكەی توركیاش كە پەیوەندییان بە ئیسماعیل دەمیرەوە هەیە سزادراون.

ئەوەش خراوەتەڕو، رێگە بە مامەڵەی هاوڵاتیانی ئەمریکا لەگەڵ کەسانەی کە سزا خراوەتە سەریان نادرێت و ئەو کەسانەی لە لیستەکەدان سەرمایەکانیان لە ئەمریکا بلۆک دەکرێت و رێگەی گەشتکردنیان بۆ ئەمریکا پێنادرێت.

پاش شكستهێنانی لەهەوڵەكانی بۆ كڕینی سیستمی بەرگری پاتریۆتی ئەمریكی، لەساڵی 2017 دا حكومەتی توركیا واژۆی كڕینی سیستیمی بەرگری موشەكی S-400 كرد، مانگی تەموزی 2019ش بە چەند قۆناغێک دەستیکرد بە گواستنەوەی سیستمەکە بۆ خاکی تورکیا.

لەماوەی رابردوشدا، بەرپرسانی ئەمریكا جەختیان لەسەر ئەوە كردوەتەوە، حكومەتی توركیا لەپرۆگرامی فڕۆكەی جەنگی F-35 دەردەكەن وەك هەنگاوێكی سەرەتایی بۆ سزادانی ئەو وڵاتە لەبەرامبەر كڕینی سیستمی بەرگری موشەكی روسی.
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×