بەرپرسی لقی مەخموری پارتی: جموجوڵی داعش زۆر بون و زۆرینەی گوندەكان چۆڵ كراون
  2021-04-06       327       


كرمانج عەبدوڵڵا بەرپرسی لقی مەخموری پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرایكرد: جموجۆڵی داعش لە سنوری مەخمور زۆر بوە، گوندەكانی سنورەكە هەموی چۆڵ كراون بە تایبەت كوردنشینەكان.

كرمانج عەبدوڵڵا بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەكەی وتوە: جموجۆڵی داعش لە سنوری قەزای مەخمور زۆرە، نمونەش بۆردومانی بەردەوامی هاوپەیمانانە بۆ سەر ئەو چەكدارانە چونكە زانیاریی هەواڵگریان هەیە، بەردەوامیش لە زیادبوندان بە تایبەت لەو ناوچانەی بۆشایی هەیە و هێزە عێراقییەكان ناتوانن بیپارێزن.

رونیشیكردوەتەوە: حكومەتی عێراق جدی نیە لە پڕكردنەوەی بۆشاییە ئەمنیەكان، چونكە بڕیار بوو شەش ناوەندی هەماهەنگی دابنرێن و یەكێك لە مەخمور بێت كە دەتوانرا جوڵەی داعش سنوردار بكرێت، بەڵام بەداخەوە هیچ هەنگاوێكی نەناوە بۆیە زیادبونی داعش هۆكارەكەی حكومەتی عێراقە.

بەرپرسی لقی مەخموری پارتی ئاماژەی بەوەشداوە: گوندەكانی سنوری مەخمور هەموی چۆڵ كراون لە ترسی داعش و تاك تاك ماون، خەڵك ئامادە نییە ژیانی خۆی بخاتە مەترسیەوە بۆیە ناچارن گوندەكان چۆڵ بكەن، تەنها ئەوانە نەبن مەڕدارن و داعشیش زیاتر دەستدرێژی دەكات سەر كورد، بەشێكی داعش بە رۆژ لەگەڵ حەشدی شەعبیدان بۆیە ژیانی ئەوانەی ماون لە مەترسیدایە و بە ناچاری لەناوچەكانیان ماونەتەوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×