گردبونەوەیەک بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنوسی سزادراوانی بادینان ساز ده‌كرێت
  2021-04-06       499       
سزادراوانی بادینان
بڕیاره‌ سبه‌ی‌ چوارشه‌ممه‌ له‌شاری‌ سلێمانی‌ گردبونەوەیەک بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنوسی سزادراوانی بادینان‌و پرسی سەروەری یاساو سەربەخۆیی دادگاکان ئه‌نجامبدرێت.

ئاوێنه‌: ژماره‌یه‌ك له‌پارێزەران‌و یاساناسان‌و رێکخراوکانی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی بانگه‌وازێكیان بڵاوكردۆته‌وه‌و ڕایده‌گه‌یه‌نن كه‌  کاتژمێر 2ی پاشنیوەڕۆی‌ سبه‌ینێ لەباخی گشتی گردبونەوەیەک ساز دەکەن بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنوسی رۆژنامەنوسان‌و چالاکوانه‌ سزادراوه‌كانی‌ بادینان‌و پرسی سەروەری یاساو سەربەخۆیی دادگاکان، بۆئەوەی فشارەکان بەردەوام بن تا ئەنجام.

له‌بانگه‌وازه‌كه‌دا هاتووه‌، "بەھیوای بەشداری بەرچاو.. لەداھاتودا كه‌ بێ یاسایی‌و زوڵم لەخۆشت کرا نەڵێی بۆ کەس لەسەرم ھەڵناداتێ".

بەتۆمەتی "کۆکردنەوەی زانیاری قەدەغەکراو، کارکردن بۆ گروپی چەکداری‌و پێدانی زانیاری بەلایەنی دەرەکی، بەمەبەستی تێکدانی ئاسایشی کوردستان"، رۆژی 16ی شوباتی‌ 2021 دادگای تاوانه‌كانی 2ی هه‌ولێر بڕیاریدا به‌سزای‌ شه‌ش ساڵ زیندانیكردن بۆ هه‌ریه‌ك له‌رۆژنامەنوسا‌ن‌و چالاکوانانی سنوری بادینان (شێروان شێروانی، ئه‌یاد كه‌ره‌م، گوهدار محه‌مه‌د ئه‌مین، شڤان سه‌عیدو هاریوان عیسا).

بڕیارەکەی دادگای هەولێر بەگوێرەی مادەی 21ی سزادانی عێراقی بو کە تایبەتە بەتێکدانی ئاسایشی هەرێم‌و کارکردنی بۆ لایەنی دەرەکی، بڕیارەکەش لەسەر ئاستی ناوخۆو نێودەوڵەتی ناڕەزایی لێکەوتوەتەوەو داوا دەکرێت دادگای پێداچونەوەی هەرێم بەبڕیارەکەدا بچێتەوەو سزاکە هەڵبوەشێنێتەوە.

هه‌رچه‌نده‌ دۆسیەی سزادراوانی بادینان رۆژی 9ی ئازاری‌ 2021 لەلایەن دادگای تاوانه‌كانی 2ی هه‌ولێرەوە ئاڕاستەی دادگای پێداچونەوەی هەرێمی کوردستان کراوە بۆ بڕیاری‌ كۆتایی، بەڵام تائێستا دادگای پێداچونەوە دۆسیه‌كه‌ی‌ یه‌كلایی نه‌كردۆته‌وه‌.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×