عەلی باپیرو سەڵاحەدین بەهادین تاوتوێی پێكهێنانی هاوپەیمانییەك بۆ هەڵبژاردنەكان دەكەن
  2021-04-07       518       

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری و سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی یەكگرتوی ئیسلامی كۆبونەوەو تاوتوێی پێكهێنانی هاوپەیمانییەكیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوی عێراق كردوە.

ئاوێنە: نوسینگەی سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 7/4/2021 عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان لە مەكتەبی تایبەتی خۆی لەشاری هەولێر، پێشوازیی كرد لە سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتیی یەكگرتوی ئیسلامیی كوردستان.

بەپێی میدیای رەسمی كۆمەڵی دادگەری، سەرۆكی كۆمەڵ و ئەمینداری گشتی لە كۆبونەوەكەی نێوانیاندا گفتوگۆیان ده‌رباره‌ی پێكهێنانی هاوپه‌یمانییه‌ك بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی پەرلەمانی عێراق كردوە كە بڕیارە لەمانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵدا بەڕێوەبچن.

هەروەها میدیای رەسمی یەكگرتوی ئیسلامیش ئاماژەی بەوەداوە كە ئامانج له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌مینداری گشتی خستنه‌ڕوی بیرۆكه‌ی دروستكردنی به‌ره‌یه‌كه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتو له‌ ده‌ره‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی.

ئەوەش له‌ كاتێكدایه‌ دوێنێ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ وەفدی باڵای یه‌كگرتوی ئیسلامی بە سەرۆكایەتی سەڵاحەدین بەهادین سه‌ردانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی كرد لەگەڵ وەفدێكی بزوتنەوەكە بە سەرۆكایەتی عومەر سەید عەلی، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبوەوە.

میدیای یەكگرتوی ئیسلامی هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە بڕیاره‌ له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌یدا وەفدی باڵای حیزبەكە بە سەرۆكایەتی سەڵاحەدین بەهادین سه‌ردانی دیكه‌ش ئه‌نجام بده‌ن.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×