قاسم ئەعرەجی: هیچ بنكەیەكی سەربازی ئەمریكا لە عێراق نامێنێت
  2021-04-07       593       

ئەمڕۆ چوارشەممە گەڕی سێیەمی گفتوگۆی ستراتیژیی نێوان ئەمریكاو عێراق بەڕێوەچو. قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، رایگەیاند، لەگەڵ واشنتۆن رێككەوتون كە هیچ بنكەیەكی سەربازی ئەمریكا لە عێراق نەمێنێت.

ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە، گەڕی سێیەمی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان ئەمریكاو عێراق بە سەرۆكایەتی وەزیرانی دەرەوەی هەردو وڵات بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچو كە نوێنەری هەرێمی كوردستانیش بەشداربو تێیدا.

دوای كۆبونەوەكەوە قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لەكۆنگرەیەكی هاوبەشدا لەگەڵ فواد حسێن وەزیری دەرەوەدا رایگەیاند، لایەنی ئەمریكی بەڵێنی داوە بەشێكی زۆر هێزەكانیان لە عێراق بكشێینەوەو هیچ بنكەیەكی سەربازیی ئەمریكی لە عێراق نەمێنێت.

هەروەها هێمای بۆ ئەوەش كرد كە لەكۆبونەوەكەدا لەگەڵ لایەنی ئەمریكی باسیان لەو پێشكەوتنانە كردوە كە هێزە عێراقییەكان لەروبەڕوبنەوەی تیرۆردا بەدەستیانهێناوەو لەگەڵ لایەنی ئەمریكی رێككەوتون لەسەر ئەوەی هێزە عێراقییەكان ئەركی روبەڕوبونەوەی داعش بگرنە ئەستۆ.

قاسم ئەعرەجی وتیشی، عێراق جەختی لە پاراستنی كارمەندان و دیپلۆماتكارانی بیانی كردەوەو هەردولاش رێككەوتن لەسەر ئەوەی هیچ بنكەیەكی سەربازیی بیانی لە عێراق نەمێنێت.

جەختیشی كردەوە كە گەڕی سێیەمی گفتوگۆكانی نێوان عێراق و ئەمریكا سەركەوتو بو. 

لای خۆیشییەوە فوا حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا، وتی، لە كۆبونەوەكەدا لەگەڵ ئەمریكا رێككەوتن لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردو وڵات لە سەرجەم بوارەكاندا. 

لەلایەكی دیكەوە ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، لەبارەی كۆبونەوەكەوە لە تویتێكدا وتی، خۆشحاڵ بوم بە قسەكردن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق لە یەكەم گفتوگۆمدا وەك وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە چوارچێوەی گەڕی سێیەمی گفتوگۆی ستراتیژیدا.

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا گەشتبینی خۆیشی بەرامبەر بە گفتوگۆكان نیشانداوە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ عێراق.

بەپێی بەیاننامەیەی هاوبەشی گەڕی سێیەمی گفتوگۆی ستراتیژیش، لە كۆبونەوەكدا جەختی لە گرنگی پەیوەندییە دو قۆڵی و بەهێزەكانی نێوان هەردو وڵات كراوەتەوە بەشێوەیەك كە لەخزمەت هەردو گەلی عێراق و ئەمریكادا بن.

هەروەك لە بەیاننامەكەدا هاتوە كە هەردو وڵات جەختیان لەوە كردۆتەوە ئەو بنكە سەربازییانەی سەربازانی هاوپەیمانی تێدان بنكەی سەربازی عێراقین و هێزەكانی هاوپەیمانان تەنها بۆ پشتیوانی هەوڵەكانی عێراق لە شەڕی دژبە داعش لەو بنكانەدان.

لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەدراوە كە حكومەتی عێراق پابەندبونی خۆی بۆ پاراستنی سەربازان و كاروانە سەربازییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و دیپلۆماتكارە بیانییەكان دوپاتكردۆتەوە.

هەروەها بەپێی بەیاننامەكە هەردولا گەیشتونەتە ئەوەی كە رۆڵی هێزەكانی ئەمریكاو هێزەكانی هاوپەیمانی لە ئێستادا بوە بە ئەركی مەشق و راوێژ بە هێزە عێراقییەكان.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×