رونكردنەوەی تەندروستی هەولێر لەبارەی "تێكچونی تەندروستی" هاوڵاتییەك دوای وەرگرتنی ڤاكسین
  2021-04-07       2103       

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، هاوڵاتییەك رایگەیاند، دوای سێ رۆژ لە وەگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا لە جۆری ئەسترازێنیكا، "تەندروستی تەواو تێكچوەو كەوتۆتە نەخۆشخانە." دوابەدوای ئەوە تەندروستی هەولێر رونكردنەوەیەكی لەوبارەیەوە بڵاوكردەوە.

ئاوێنە: ئەو هاوڵاتییە ناوی "محەمەد سەباح خەیات"ە، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لەڕێگەی هەژماری خۆیەوە لە فەیسبوك، رایگەیاند" بەداخەوە پاش سێ ڕۆژ لە بەکارھێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا لە رۆژی دوەمەوە تەندروستیم تەواو تێکچوەو ئێستاش کەوتمە نەخۆشخانەی فریاکەوتن ئێمە زیاد لە 10 کەس ئەم ڤاکسینەمان بەکارھێنا تەنھا من تەندروستیم تێکچوە."

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر، دوابەدوای ئەوە لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند، ئەو هاوڵاتییە رۆژی دوشەممە 5/4/2021 بەیانیەکەی لە بنکەیەکی تەندروستی ڤاكسینی دژە کۆرۆنای وەرگرتوە، لەڕۆژی دواتر سێشەممە 6/4/2021 توشی ئازاری لەش و تا هاتوە کە ئەم نیشانە لاوەکیانەی وەك تا و لەرز و ژانی لەش چاوەڕوانکراوەو لەهەندێك کەس رودەدات و لەوانەیە بۆ ماوەی 24 تا 48 کاتژمێر بمێنێتەوە."

تەندروستی هەولێر وتوشیەتی"ئەم نەخۆشە ئەمڕۆ 7/4/2021  سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی کردوەو چارەسەری تەواوی پێشکەش کراوە بۆ ماوەکی کاتی ماوەتەوەو دواتر نێردراوەتەوە ماڵەوە."

جەختیشی كردۆتەوە كە "تیمی پاراستنی تەندروستی پەیوەندی بە ناوبراو کردوەو بەردەوام چاودێری دۆخی تەندروستی ئەم بەڕێزە دەکات و تەنها پێویستی بە پشو هەیە لەگەڵ ئەو چارەسەرانەی کە "تا" دێننە خوارەوە."

ئەو هاوڵاتییە لەگەڵ ئەوەی باسی لە تێكچونی باری تەندروستی كردوە، هاوكات داواشی لە هاوڵاتیان كردبو خۆیان بپارێزن و "ڤاکسینی کۆرۆنا بەکاربھێنن."

محەمەد سەباح خەیات، رۆژی 5ی ئەم مانگە، لەگەڵ دانانی وێنەیەكی خۆی لەكاتی وەرگرتنی ڤاكسینەكەدا، لە فەیسبوكی خۆی، ئاشكرایكردبو كە ئەو ڤاكسینەی وەریگرتوە لە جۆری "ئەسترازێنیكا"ی بەریتانییە.

بەداخەوە پاش سێ ڕۆژ لە بەکارھێنانی ڤاکسینی کۆڕۆنا لە ڕۆژی دووەمەوە تەندروستیم تەواو تێکچووە ئێستاش کەوتمە نەخۆشخانەی...

Posted by ‎م. محمد صباح خياط‎ on Wednesday, April 7, 2021

 

 

سوپاس بۆ خوا ڤاکسینی ئەسترازینکای بەریتانیمان بەکارھێنا بەھیوای ئەوەی تەواوی ھاوڵاتیان سودمەندبن لە ڤاکسینەوە،خودا ھەموولایەکمان پارێزراوبکات لەم نەخۆشیە

Posted by ‎م. محمد صباح خياط‎ on Monday, April 5, 2021
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×